عێراق بە پشتیوانیی بەرهەمی ناوخۆیی چوار ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، کە بەهۆی پشتیوانییکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی، حکومەت چوار ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە.

حەمید نایف، وتەبێژی  وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشکرای کرد، کە بەهۆی پشتیوانییکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی وەک گەنم، جۆ، سەوزە و میوە و گەیشتنە ئاستی خۆبژێویی لە هەندێک بەرهەمدا، عێراق چوار ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕاوەتەوە و  لەهاوردەکردنی کاڵای وڵاتانی دەرەوە خەرجی نەکردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئەو پارەیە لەناوخۆدا مامەڵەی پێوەکراوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵات دەبێت.

جەختیشیکردووەتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ پشت دەبەستێت بە ڕێکاری گونجاو بۆ پشتیوانییکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوە  و ڕێگرییکردن لە بەرهەمی هاوردە.