عێراق نرخ بۆ هێلكە دادەنێت



وەزیری كشتوكاڵی عێراق ئاشكرایكرد، ناوەندێك بە بازاڕكردن بۆ هێلكە دروستدەكەن و نرخی یەك تەبەقە دیاریدەكەن كە لە پێنج هەزار زیاتر نەبێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، (موحەمەد كەریم خەفاجی) وەزیری كشتوكاڵ لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ (عەلی موزەفەر) سەرۆكی كۆمەڵەی عێراقی بۆ چاودێریكردنی بەرهەمهێنەرانی كێڵگە پەلەوەرییەكان رایگەیاندووە، پلانیان هەیە بۆ دامەزراندنی ناوەندی بە بازاڕكردنی هێلكە بە نرخێكی دیاریكراو كە لە پێنج هەزار دینار زیاتر نەبێت بۆ یەك تەبەقە.

وەزیری كشتوكاڵی عێراق تەئكیدیشی لەسەر هەماهەنگی و هاریكاری وەزارەتەكەیی و كۆمەڵەكە كردۆتەوە بۆ دیاریكردنی نرخی هێلكەو گۆشت، ئەوەش بە رێككەوتن لەگەڵ لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەكان بە لێپرسینەوەی سەرپێچیكاران.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئامانج لە دامەزراندنی ئەو ناوەندانە سوككردنی باری سەرشانی هاوڵاتیان و دەستكەوتنی هێلكەیە بە نرخێكی گونجاو كە رێگە بگرێت لە بەرزبوونەوەی لەناكاو و بێ پاساوی نرخ.