ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراق ئاشكرایكرد كە هێشتا رێژەی سەدا 50ی ئەو گازە سروشتیەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتدا لە كێڵگەكان دێتەدەرەوە لە هەوادا دەسوتێت و بە هەدەردەچێت.
لەمیانەی بەرێوەچوونی كۆنگرەی پێنجەمی عیراق تایبەت بە نەوت و غاز وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند: عیراق لە ئیدارەدانی مەلەفی گازی سروشتیدا رووبەرووی ئاستەنگێكی گەورەبۆتەوە چونكە هێشتا رێژەی سەدا 50ی ئەو گازە سروشتیەی لە كێڵگە نەوتیەكان دێتەدەرەوە لە هەوادا دەسوتێت و بە هەدەردەچێت بێ ئەوەی بتوانرێت هیچ سوودێكی ئابوریانەی لێ ببینرێت ئەمە لەكاتێكدا نەوت و غاز رێژەی سەدا 90ی داهاتی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی دابین دەكەن.
وتیشی: عیراق دەیەوێت بۆ داهاتوو گۆرانكاری لە فەلسەفەی ئیدارەدانی ئابوریەكەی و داهات و خەجیەكانیدا بكات و پێش چەند هەفتەیەكیش بریاری لەسەر ئەنجامدانی چەند چاكسازیەكدا كە بە پەرەی سپی ناوی دەركردووەو وەزارەتی نەوتیش بەشێكی گەورەو گرنگی ئەو چاكسازیەی بەردەكەوێت.