بە بەشداری زیاتر لە ٣٦ هەنگەوانپێنجەمین فێستیڤاڵی هەنگوین له‌ سلێمانی به‌رێوه‌ده‌چێت


بە بەشداری زیاتر لە ٣٦ هەنگەوان و بەربووبوومی هەنگوینی ناوچەکانی شارباژێر، بناری قەندیل، پێنجوێن و چەند ناوچەیەکی تری هەرێمی کوردستان لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی پێنجەمین فێستیڤاڵی هەنگوین بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمێکدا کە پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر ئامادەی بوو، پێنجەمین فێستیڤاڵی هەنگوین لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد.

لە فێستیڤاڵەکەدا، بەرهەمی هەنگوینی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان نیشان دەدرێت.

ئەکرەم محەمەد عەلی یەکێک لە هەنگەوانەکانی ناوچەی پێنجوێن کە بەرهەمی هەنگوینی تاڵی نمایش دەکرد لە فێستیڤاڵەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە رێگەیەکی جیاوازەوە بەرهەمی هەنگوینی تاڵ نمایش دەکەن کە لە گوڵی چەند درەختێکەوە هەنگ بەدەستی دەهێنێت و وتی: ”ئێمە لە ناوچەی پێنجوێنەوە هاتووین و بەشدارین لەم فێستیڤاڵەدا بە هەنگوینێکی تاڵ کە زۆر خواستی لەسەرە، بۆ تەندروستیش ئەوەندەی ئاگادار بین سوودێکی زیاتری هەیە، ئەویش لە رێی کەشوهەوای گۆڕاوی باران بارینەوە لە ناوچە کوێستانیەکان دروست دەبێت”.

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی: ”ئەمساڵ یەکێک لەو کەرتانەی کۆرۆنا سوودی پێگەیاندبێت نەک زیان، بواری هەنگەوانییە، بڕی بەرهەم هاتوو لە پارێزگای سلێمانی لەمساڵدا لە ئاستێکی باشتردایە لە چاو ساڵانی ترەوە لە رووی قەبارەو کوالیتیەوە، هیوادارین لە رێگەی یەکێتی هاوردە و هەناردەی کوردستانەوە بتوانین ئەم بەرهەمە رەوانەی دەرەوە بکەین و بیخەینە نێو کەرتی پیشەسازییەوە، جگە لە بازاڕی ناوخۆ، بتوانێت بچێتە نێو بازاڕی نێودەوڵەتییەوە”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبەرامبەر وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێگریکردن لە هاوردەکردنی هەنگوین، ئاماژەی بەوەدا کە بە فەرمی هاوردەکردنی هەنگوین بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغەیە و ئەگەر بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ نەبێت، رێگە نادرێت، هەنگوین و بەروبوومە ئاژەڵییەکانی تر داخڵ بە هەرێم بکرێت، بەڵام زۆرجار پێویستی و نرخەکەی لە ناوخۆ وا دەکات خواست لەسەر هەنگوین زیاد بکات.

شازاد فەتاح کەریم کە لە فێستیڤاڵەکەدا چەند کیلۆیەک هەنگوینی کڕیبوو وتی: ”بیستم لە پارکی ئازادی فێستیڤاڵی هەنگوینە، بۆیە خۆمم گەیاندێ، چونکە زۆرم حەز لە هەنگوینە، بەردەوام لە ماڵەکەمدا سێ بۆ چوار کیلۆگرام هەنگوین هەڵدەگرم و رۆژانە لەکاتی ژەمەکاندا هەر حەزم لێی کرد دەیخۆم چونکە سوودی تەندروستی زۆرە و تامێکی زۆر خۆشی هەیە”.

بەپێی وتەی ئەو کڕیارەی هەنگوین بێت، زیاتر هەنگوینی شارباژێر ساغ دەبێتەوە و لەمبارەیەوە وتی: “بۆ ئەوەی هەنگوینی کوالیتی بەرزت دەست بکەوێت، تاکە رێگایەک ناسیاو و متمانەیە بەو کەسەی کە هەنگوینەکەی لێ دەکڕیت، بۆیە زیاتر لەو کەسانە هەنگوین دەکڕم کە متمانەم پێیانە و بەردەوام دەبمە کڕیاریان”.

کارگێڕی کۆمەڵەی هەنگەوانان، لوقمان عومەر شەریف ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە پێنجەمین فێستیڤاڵی هەنگەوانییە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت بەبەشداری ٣٦ هەنگەوان و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئامانج لە کردنەوەی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە راستەوخۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی هەنگەوانەکان و گەیاندنیانە بە دەستی کڕیارەکان، هەروەک نیشاندان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی هەنگەوانی ئەم ساڵی هەنگەوانەکانە.

لەبەرامبەر داخوازیەکانیان بۆ زیاتر ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی هەرێمدا، ئەوا کارگێڕی کۆمەڵەی هەنگەوانان کە زیاتر لە سێ هەزار ئەندامیان هەیە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان داخوازیان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەیە کە کەمتر رێگە بدەن بە هێنانە ناوەوەی بەرهەمی هەنگوین تاوەکو زیاتر بەرهەمی ناوخۆ ساغ دەبێتەوە لە کاتێکدا لە رووی کوالیتیەوە زۆر باشترە لە هەنگوینی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.