بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، گرێبەستكردن لەنێوان كارگەكانی جبس و جوتیارانی پەتاتەدا هەنگاوێكی دیكەی وەزارەتەكەیان دەبێت بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.
بێگەرد تاڵەبانی، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی”ئەمڕۆ دوشەممە 26/10/2020، سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی خاوەن كارگەكانی جپسی پەتاتە و نوێنەری جوتیارانی پەتاتەم كرد.”
وتوشیەتی”لە كۆبونەوەكە كە بریكاری وەزارەت ئامادەبو، گفتوگۆمان كرد لەسەر هاوردەكردنی جۆرەكانی بنەتۆی پەتاتە بۆ ئەوەی جوتیارانمان بیچێن و كارگەكانیش لێیان بكڕنەوە.”
وەزیری كشتوكاڵ ئاشكراشیكردوە”گرێبەستێكی یاسایی لەنێوان كارگەكان و جوتیارانی پەتاتە دەكەین بۆ ئەوەی كارگەكان بەرهەمی جوتیارانمان بكڕنەوەو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرپەرشتی گرێبەستەكە دەكات بۆ ئەوەی هەردولا پابەندبن بە گرێبەستەكەوە.”
جەختیشی كردۆتەوە “گرێبەستكردن لەنێوان كارگەكانی جپس و جوتیارانی پەتاتە هەنگاوێکی ترمانە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.”
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە رای جوتیاران و كارگەكانمان وەرگرت لەسەر كاتی دانانی باجی گومرگی پەتاتە، ئەو كاتەی دامان ناوە جوتیاران بەلایەنەوە پەسەند بو.
وتوشیەتی”هەماهەنگ دەبین بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان ئەمەش لەرێگەی بەدواداچون و گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی پێویست لەبەرژەوەندی هەردولا.”
ئاشكراشیكردوە”كردنەوەی خولی راهێنان بۆ جوتیارانی پەتاتە تایبەت بە دوایین زانیاری لەسەر بەرهەمهێنانی پەتاتە بڕیارێكی تری كۆبونەوەكە بو.”