خۆپیشاندانی قوربانییانی بۆرسەی ئێران لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە

دەیان کەس لە قوربانییانی بۆرسەی ئێران لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە گردبوونەوە و ئیدانەی لەدەستدانی بەهای بۆرسەیان کرد.

ئەمرۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەكەم لە بەردەم پەرلەمانی ئێران خۆپیشاندان بەرێوەچوو، خۆپیشاندەران وتەیەكی عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران-یان، کردبووە دروشم و بەرزیان کردبووەوە کە دەڵێت ”باشترین شوێن بۆ وەبەرهێنان بازاڕی داراییە” و کاردانەوەیان نیشاندا بەرامبەر دابەزینی بۆرسە لە ڕۆژانی ڕابردوودا.

لە کاتێکدا خۆپیشاندەران لەبەردەم پەرلەمان خۆپیشاندانیان دەکرد، حەسەن قالیباف ئەسڵ، سەرۆکی دەستەی بۆرسە و بازاڕی دارایی ئێران لەناو هۆڵی پەرلەماندا بوو بۆ هەمان قەیران.

حەسەن ڕوحانی، سەرۆكکۆماری ئێران بەرلەوەی بۆرسەی ئێران تووشی ئەو دابەزینە توندە بێت لە گوتارێکیدا لە 6ی ئاب خەڵکی هاندابوو بۆ وەبەرهێنان لە بۆرسەدا و ڕایگەیاندبوو، ”بەپێی ئاماژەکانی بازاڕ لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕەوشی بۆرسە باشتر دەبێت، با خەڵک هەموو سەروەتەکەی بخاتە بۆرسەوە”.

بۆرسەی ئێران کە لە 9ی ئابەوە ڕووی لە دابەزین کردووە، تا ئەمڕۆ بەڕێژەی 36% بەهای لەدەستداوە.