کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، کوردان دەتوانن هەمیشە پشت بە دو هاوڕێ ببەستن، چیاکان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.
رۆب واڵەر، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رایگەیاند، “وەک ستافی کونسوڵخانەی ئەمریکا شانازی دەکەین بەوەی کە هێزێکی سودبەخشین لە هەرێمی کوردستان، شانازی دەکەین بەوەی کە لە هەرێمی کوردستانین و رۆژانە لەگەڵ هاوتا کوردەکانمان لەکارداین بۆ برەودان بە بەرژەوەندیە هاوبەشەکانمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا و هەرێمی کوردستان سەلامەتتر دەکەن لەرێگەی بەهێزکردنی پێشمەرگەوە کە “هاوپەیمانێکی زۆر گرنمان بون لە شەڕی دژی داعشدا”،
لەرێی ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، ئامڕاز بۆ هاوڕێیانمان لە هەرێمی کوردستان دابیندەکەین بۆ بەکارهێنان لەو بەرەنگاربونەوە جیهانیەی بەرامبەر پەتای کۆرۆنا هەیە”.
لەبارەی پەیوەندیە ئابوریەکانی هەرێم و ئەمریکا، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر وتی، “لە روە ئابوریەکەوە لەکارداین لەگەڵ هاوبەشە خۆجێییەکانمان و ژوری بازرگانی ئەمریکا بۆ زیاتر کاری بازرگانی و باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی کار لێرە و ئەمریکاش، لە هەمانکاتیشدا بەشی کونسوڵگەریمان لێرە خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکی دەرەوەی وڵات دابیندەکات”.
لەبارەی پێدانی ڤیزای ئەمریکا بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وتی، “هەر کە دۆخی تەندروستی رێگەیدا ئەوا بەشی کونسوڵگەریمان ڤیزا دەداتە ئەو هاوڕێیانەمان لە هەرێم کە دەیانەوێت سەردانی ئەمریکا بکەن”.
ئەوەشی خستەڕو، “پێدەچێت بەشی کاروباری گشتیمان باشترین کاریان هەبێت لە نێوانماندا، کە خۆی دەبینێتەوە بۆ ناردنی گەنجانی هەرێم بۆ پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕ تا لە رێیەوە لە یەکتر فێربین، پاشان کارکردن لەگەڵ دەرچوانی ئەو پڕۆگرامانە بۆ سودگەیاندن بە کۆمەڵگەکانیان لە رێی ئەو ئەزمونەی دەیبینن”.
کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتیشی، “لە داڕشتنەوەی وتە کۆنەکاندا، کوردان دەتوانن هەمیشە پشت بە دو هاوڕێ ببەستن، چیاکان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا”.