هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران ئاساییکراوەته‌وه‌

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆبوونەوەی رۆژی ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، بڕیاریداوە بە ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی هاووڵاتییان و کەسانی بیانی لەنێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککارەکانی رێگریکردن لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەیانی ژمارە (٥٣)ی بڵاوکردەوە.

لە بەیانەکەدا چەند بڕیارێک دراوە کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژی ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، دراون.

لە بارەی ئاساییکردنەوەی هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران لە بەیانەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: “بڕیاردرا بە ئاساییکردنی هاتوچۆی هاووڵاتییان و کەسانی بیانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا لە (دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل) و لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەر سێ دەروازەی سنووریی (حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان) بە مەرجێک سەنتەری پشکنین هەبێت بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا”.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان پشکنینی کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەی کە دێنە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ئەگەر ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنایان نێگەتیڤ بوو رێگایان پێدەدرێت بێنە ناو هەرێمی کوردستان دەبێت رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بکەن و ئەگەر ئەنجامی پۆزەتیڤ بوو دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان جگە لە کەسانی عێراقی.

سەبارەت بەو کەسە بیانیانەی کە پێویستیان بە ڤیزە هەیە بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە کە ئەو کەسانە رێگایان پێ نادرێت بێنە ناو هەرێم ئەگەر ڤیزەی ئەلیکترۆنی هەرێمی کوردستان یان ڤیزەی حکوومەتی عێراقی فیدڕالیان نەبێت.

لە بەیانەکەدا بریادراوە کە فرۆشگای قوتابخانەکان بەپێی رێنمایی تەندروستی بکرێنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ناوەندەکانی خوێندن بۆ قۆناغەکانی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی لەگەڵ ١٢ی ئامادەیی کرابوونەوە و فرۆشگای قوتابخانەکان بڕیاری داخستنیان درابوو.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی کردنەوە و بەڕێوەچوونی یارییەکانی خۆلی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان رایگەیاندووە کە بەڕێوەچوونی یارییەکان بەبێ ئامادەبوونی هاندەران دەبێت.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆ هەموو گردبوونەوە، کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەکی قەدەغە کردووە.

وەزارەتی ناوخۆ فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندکردووە کە رەچاوی رێککارەکانی خۆپاراستن بکەن بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی بەتایبەتی بەکارهێنانی ماسک و هەر فەرمانبەرێک و کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یان پێشمەرگە یان ئاسایش پابەند نەبێت پێبژاردنی پێ دەکرێت.

راشیگەیاندووە، ئەو لیژنانەی کە بەپێی بەیانی ژمارە ٤٤ بڕگەی ٢٠ پێکهاتوونە بە سەرۆکایەتی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامییەتی نوێنەرانی وەزارەتی تەندروستیی و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەداوادچوون لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی سەردانیکردنی وەزارەتەکان و دەستە نەبەستراوەکان بە وەزارەت لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە نوێنەرایەتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و تەندروستیی و پۆلیس بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانیان بەمەبەستی بەداوداچوونی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لەو شوێنانە و وەرگرتنی رێککاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران.

هاوکات لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەویە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بە چالاککردنی تیمەکانی چاودێری تەندروستیی لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێککارەکانی خۆپارێزی.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەیانەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بەردەوامی دراوە بە قەدەغەکردنی داوەت و شایی و چوونە سەر قەبران و دانانی پرسە و بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەکی بەرپرسیارکردووە لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵە و هەرکەسێک پابەند نەبێت بڕی دوو ملیۆن دینار پێبژاردنی پێ دەکرێت.

ئەوەش خراوەتە روو کە هەموو شوێنە گشتییەکان وەکو مارکێت و رێستورانت و شوێنە بازرگانییەکان.. هتد، نابێت رێگە بدەن بە چوونە ژوورەوەی هاووڵاتییان بۆ شوێنەکانیان بەبێ بەستنی ماسک، بەپێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێت بۆ ماوەی ١٠ رۆژ و خاوەنەکەی بڕی یەک ملیۆن دینار پێبژاردن دەدات.

لە بەیانەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دەسەڵات دراوە بە بە ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەمەبەستی داخستنی ئەو بازاڕ و فرۆشگا میللیانە کە دەبنە هۆکاری قەرەباڵخی زۆر و گردبوونەوەی هاووڵاتییان.

ئەوەش هاتووە کە پێویستە دامەزراوکانی کەرتی تایبەت فەرمانبەر و کرێکارەکانیان پابەند بکەن بە بەستنی ماسک و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لەو دامەزراوەیەدا، بەپێچەوانەوە بەبڕی ١٥٠ هەزار دینار بۆ هەر حاڵەتێک پێبژاردن بۆ ئەو دامەزراوەیە دەکرێت.

راگەیەنراوە کە پێویستە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان رەچاوی رێککارەکانی خۆپارێزی بکەن ئەگەر لە دوو کەس زیاتر بوون بەتایبەتی بەکارهێنانی ماسک و پەیڕەوکردنی مەودای (مەتر ونیو) لەنێوانیاندا”

بەگوێرەی بەیانەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەرکەسێک رەچاوی بەستنی ماسک نەکات بە بڕی ٢٠ هەزار دینار پێبژاردن دەدات.

لەبارەی شوفێری ئۆتۆمبێلەکان بەهەموو جۆرەکانییەوە (تایبەت، بارهەڵگر وکرێ) ئەوە خراوەتە روو کە لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پێویستە شوفێر و سەرنشین پابەندبن بە بەستنی ماسک، بەپێچەوانەوە بەبڕی ٥٠ هەزار دینار بۆ هەر حاڵەتێک شوفێر وەک پێبژاردن دەدات.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە لیژنەکانی قایمقامییەت، پۆلیسی رێککاری، بەڕێوەبەری فەرمانگە، بنکەی پۆلیسی هاتوچۆ، ئەفسەری پۆلیسی هاتوچۆ لەکاتی ئەرکدا، بنکەکانی پۆلیس، ئەفسەری پۆلیسی لە کاتی ئەرکدای راسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێبژاردنانەی لە ناوەڕۆکی ئەم بەیانەدا هاتووە و هەموو ئەو پێبژاردنانەی کە بەپێی بڕگەکانی هاتوو لەم بەیانەدا وەدەگیرێت، بەکاردێت بۆ کرینی پێداویستی خۆپاراستن بەتایبەتی ماسک بۆ فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەوەش خراوەتە روو کە لەکاتی نەدانی پێبژاردن لەلایەن سەرپێچیکار ئەوا رادەستی نزیکترین بنکەی پۆلیس دەکرێت بەمەبەستی وەرگرتنی رێککاری یاسایی بەپێی ماددەی ٢٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦١ی هەموارکراو بەڕەچاوکردنی ماددەی ١١٠ بڕگەی ب لە یاسای شێوازی دادگاییکردنی سزایی ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بە چالاککردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و پێویستە کۆبوونەوەی بەردەوام ئەنجام بدەن و رێککاری پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەیانە.

ئەم بەیانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هەرێمی کوردستان رووی لە هەڵکشان کرد و بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە هەرێم گەیشتووەتە ٦٨ ھەزار و ٤٤ تووشبوو کە لەنێویاندا دوو ھەزار و ٢٨٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە.