وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند کە کارتی چاکسازی هەنگاوێکە بەئاڕاستەی هەمەجۆرکردنی ئابوورییەکی تەواو.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق ڕایگەیاند، چالاککردن و چاکسازی لە کەرتی تایبەتدا ڕێگایەکە بۆ ژینگەیەکی وەبەرهێنانی جێگیر، هەروەها پێداچوونەوەی هەندێک لە کۆمپانیا گشتییەکانی و پەرەپێدانی کەرتی کارەبا ڕێگەخۆشکەرن بۆ گۆڕانکاری لە ئابوریی نیشتمانییدا.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “هەروەها کارتی چاکسازی ڕێگایەکی دیکەیە بۆ گۆڕانکاری لە ئابوریی نیشتمانییدا، لە ڕێگای ڕۆڵی دەوڵەت لە ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردن و سەپاندنی یاسا و گرنگیدان بە چین و توێژە جیاوازەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی حکومەت لە ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی بەهەدەردانی سامانی وڵات”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێگایەکی دیکەی پەرەپێدانی ئابوریی نیشتمانی گۆڕانکاری و داڕشتنەوەی پەیکەری سیستمی بانکەکانە، بۆ فراوانکردنی خزمەتکردن و ڕێگاکانی قەرز پێدان بە میکانیزمی جیاواز لەوەی ئێستا هەیە.
لە دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکێک لە هەنگاوەکانی چاکسازی بوو لە سەرجەم سێکتەرەکانی وڵات لە دەروازەکان، کەرتی تایبەت و کارەبا و نەوت و ژمارەی ڕاستەقینەی موچەخۆران و ئەوانەی زیاتر لە یەک موچەیان هەیە تاوەکو لەو ڕێگەیەوە کۆنترۆڵی گەندەڵی بکات.