سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕاپۆرتێک دەربارەی هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخ لەبازاڕەکانی هەرێم دەداتە سەرۆك و جێگران و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان.
تەوای ڕاپۆرتەکە:
دیارە لە ئێستادا كاڵاو شمەك بەتەواوەتی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن و بەهۆی پیادەكردنی سیسمی بازاڕی ئازاد كە كێبركێی لەنێوان كۆمپانیاكاندا دروست كردووە نرخی كاڵاو بەرهەمە خۆراكیەكان لە ڕاستی دا بۆ ئاستێکی گونجاو دابەزیوون بە بەراورد بەنرخی بۆرسەی جیهانی، بەڵکو هەندێك بەرهەم بەهۆی زۆر هاوردەكردنی لە ڕابردوودا ئێستا نرخەكەی لە هەرێمی كوردستان لەخوار نرخی بۆرسەی جیهانییەوە یە.
ئەوەی ئێمە وەكو ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدی دەكەین، لەم قۆناغەدا هیچ ئاماژەیەك بۆ هەڵاوسانی نرخ لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵکو بەهۆی كەمبوونەوەی خەرجی گشتی ئێستا بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان توشی بێ بازاڕی و دابەزینی نرخ بوونەتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا، چەندین بازرگان و كۆمپانیامان توشی مایەپوچبوون و زیانی زۆر بوونەتەوە، بە تایبەتی بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە لەدوای ساڵی 2014 هەرێمی كوردستان و ناوچەكەی گرتۆتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئێستاش پەتای كۆرۆنا بازاڕو كەرتی تایبەتی توشی سستبوون و ئیفلجی كردووە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەباشی دەزانین کە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاوشیوەی وڵاتانی جیهان، وە بەشێوەیەكی خێرا مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بکات وە پشتگیری تەواوی كەرتی تایبەتی بكات تا بەكەمترین زیان ئەم بارودۆخە تێپەڕێنێت.
لە پێناو پاراستنی کەرتی تایبەت لە هەرێم بەو پێیەی ئەم کەرتە یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی ئابووری هەرێم، وە لە پێناو سوودی گشتی، بە باشی دەزانین ئەم پێشنیارانە دەخەینەڕوو:
1.جێ بەجێ كردنی یاسای پاراستنی بەرهەمی عێراقی (قانون حماية المنتجات العراقية رقم )11 لسنة 2010 . جێبەجێنەکردنی ئەم یاسایە بۆتە هۆی داخستنو مایەپووچ بوونەوەی زۆر لە پرۆژەکان وە بڵاو بوونەوەی بێ کاری.
2.دەركردنی یاسایەك بۆ پاراستی بازرگانی ناوخۆیی وەجیاكردنەوەی لە بازرگانی بیانی كە بەهۆی ئەو پشتگیرییە بەهێزەی لەلایەن دەوڵەتەكانیانەوە لێیان دەكرێت، بواری كاریان بۆ بازرگانی ناوخۆیی تەواو كەمكردۆتەوە، بۆ نموونە: ئەو بازرگانانە لەزۆر كاتدا لەوڵاتی خۆیاندا دەبەخشرێن لە باجی گومرگی هەناردەی بەرهەمەكانیان، قەرزی بێ سودی درێژخایەنیان پێدەدرێت و هاوكاری داراییان پێشكەش دەكرێـت بۆ ئەو كارانەی لەدەرەوەی وڵات ئەنجامیان داوە.
3.جێ بەجێ كردنی ئەو ڕێكەوتنانەی كە لە نێوان هەردوو وەزراەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند كراون بەتایبەتی سەبارەت بە یکخستن ی هێمای بازرگانی.
4.کەم کردنەوەی رسومات و باج لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەسەر كۆمپانیاو كارە بازرگانییەكان. بۆ زانیاریتان، لەكاتێكدا باجی ساڵانە ڕێژەكەی وەك خۆی وایە 15% بەڵام تخمینی قازانج زیاد كراوە بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو، كۆمپانیاو بازرگانان ناچاردەكەن چەنبەرامبەری ساڵانی پێشوو باج بدەن.لەكاتێدا زۆرێك لەكۆمپانیاكان زیانیان كردووە بەڵام ناچاردەكرێن بە پێدانی باج و بابەتی زیان (خسارة) لەبەرچاوناگیرێت بۆ ئەو كۆمپانیانەی كە كاریان نەكردووە یاخود زیانیان تۆمار كردووە. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بە باشی دەزانین کە پێداچوونەوەیەك بە رێژەی ڕسومات و باجدا بكرێت بە ڕەچاو کردنی ئەم بارودۆخەی كەرتی تایبەت و بازار لە هەرێم بۆ نموونە: ( چەندین كۆمپانیا مایەپوچبوون دەیانەوێت كۆمپانیاكەیان پاكتاو بكەن تەنانەت ئۆفیس و شوێنیشیان نەماوە بەڵام ناچاردەكرێن بە پێدانی باج دواتر رسوماتی پاكتاویشیان لێوەردەگیرێت)
5.نەهێشتنی وەرگرتنی پارە لە دەروازە نێودەوڵەتییەكان بەناوی جۆر بەجۆرەوە لەلایەن ژمارەیەك كۆمپانیاوە، كە ئەم جۆرە رسومات و باجە لە دەروازە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی عێراقدا هاوشێوەی نیە. وەك وەرگرتنی بڕی 50$ لەلایەن كۆمپانیای (بارگیران سبكبار) وەك مەنەفێست لەناو خاكی ئێراندا وەردەگیرێت وەك كۆمپانیایەكی عێراقی دواتریش ئەو بارانە كە دێنە دەروازەكە جارێكە تر رسوماتی مەنەفێستیان لێوەردەگیرێت بە بڕی 25.000 هەزار دینار بە پسوڵەی (شركة نقل بری عراقی).
6.کۆتاییهێنان بە وەرگرتنی دووجار باج لە كۆمپانیاكانی هاوردە، ئەمە لە کاتێکدا ئەم کۆمپانیایانە لەكاتی هاوردەی بەرهەمە بازرگانییەكان بڕی 3% باجیان لێوەردەگیرێت لەدەروازە نێودەوڵەتییەكان و فڕۆكەخانەكاندا، وەلەكۆتایی ساڵ كاتێك كۆمپانیا میزانییەی كۆتایی پێشكەش دەكات جارێكی تر باجیان لێوەردەگیرێتەوە. بۆ ئەم بابەتەش چەندین جار نوسراومان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی هەبێت.
7.کۆتایی هێنان بەو جیاوازی زۆرەی کە لە كرێی گواستنەوەی بارهەڵگرەكان لە دەروازەكاندا هەیە، دیارە لەهەندێك دەروازە وەك باشماخ كرێی گواستنەوەی بارهەڵگرەكان زۆر زیاترە لەچاو دەروازەكانی تر. ئەمە لە کاتێکدا، هەموو ئەو زیادیانە لەنرخ دەچێتە سەر ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەكرێن.
8.دانانی پلانێكی حكومەتی تۆکمە بۆ هەمەچەشەنەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی تا بتوانێت پێداویستیەکانی بازاڕ بە تەواوی دابین بكات و پشت بەستن بە بەرهەمی دەرەكی كەم بکاتەوە.
9.یەكخستنی هەموو ئەو رسوماتانەی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت بەهاوشێوەی ئەو رسوماتانەی كە حكومەتی ناوەند وەری دەگرێت.
10.پتەو کردنی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی گواستنەو گەیاندنی هەرێمی كوردستان و سەندیكای شوفێران تا نرخی گواستنەوەی بارهەڵگرەكان بەپێ ی پێوەری كیلۆمەتر ڕێكبخرێن.
11.ژمارەیەكی زۆر خانوی پلاستیكی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان سوتەمەنیان بۆدابین بكات بەنرخی هاندان و پشتگیری، ئەوا دەتوانن لەوەرزی زستاندا نەك پێداویستی هەرێم بەڵكو هەناردەی بەرهەمەكانیشیان بۆ شارەكانی تری عێراق دابین بكەن بەمەش دەتوانین دەستەبەری هاوسەنگی بازار زامن بكەین و ئاسایشی خۆراك بۆ زۆر بەرهەم دەستەبەر بكەین و نرخەكان كەم بكەینەوە.
12.پێداچوونەوە بە باجی هاوردەی دەروازەكان و ئەو بڕە باجە بكرێت كە لە كۆتای ساڵدا لەكاتی پێشكەشكردنی میزانییەی كۆتای لەكۆمپانیاكان وەردەگیرێت. چارەسەری دووجار وەرگرتنی باج بكرێت. وەكۆمپانیاكان باجیان لێوەربگیرێت بەپێ ی كارەكانیان و قازانجیان.
13.پێشنیار دەكەین كۆمەلێك پڕۆژەی ستراتیجی گرنگ لە ڕێگەی كۆمپانیای پشكدارەوە جێ بەجێ بكرێت، وەك پڕۆژەی پترۆكیمیاوی … ئەك كارەش بە یاسا ڕێكبخرێـت.