شارەزایەکی ئابوری چوار هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەخاتەڕو


شارەزایەکی ئابوری رایگەیاند، بەهۆی کورتهێنانی بودجە کە مانگانە بڕەکەی زیاترە لە  2 ترلیون دینار، حکومەتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار عێراقی بەشێك لە كورتهێنان پڕبكاتەوە، هەروەها کەمبونەوەی دراوی یەدەگی بیانی لەبانکی ناوەندی، دۆخی ئەمنی و گفتۆگۆکانی بانكی ناوەندی عێراق و ئێران لە هۆکارەکانی دیکەی بەرزبوونەوەی دۆلارن.
 
بیلال سەعید، بەرێوەبەری ئینستیوتی ئابووری بەژمارە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، هۆكاری جیاواز دەكرێت لە پشت بەرزبوونەوەی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دینار یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لە كورتهێنانی بودجەی عێراق کە مانگانە زیاتر لە 2 ترلیون دینارە، بۆیە دەكرێت عێراق لەرێگەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار عێراقی بەشێك لە كورتهێنان پڕبكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان كەمبوونەوەی یەدەگی دراوی بیانیە لەبانكی ناوەندی عێراق بەهۆی دابەزێنی بەهای نەوت و پاڵپشتی بانكی ناوەندی بۆ حكومەتی عێراق بۆ نمونە تەنیا لەماوەی مانگی 1 تا كۆتایی مانگی 8 زیاتر لە 14 ترلیون دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی لەبانكی ناوەندی وەرگیراوە، لەلایەکی دیکەشەوە باری ئەمنی عێراق و مەترسیەكانی حەشد لە هێزەكانی هاوپەیمانان و فشارەكانی ئەمریكا لەسەر عێراق هۆکاربوە بۆ بەرزبونەوەی دۆلار.

بەرێوەبەری ئینستیوتی ئابووری بەژمارە ئەوەشی خستەڕو، گفتۆگۆیەكانی بانكی ناوەندی عێراق و ئێران و دەربڕێنی پاڵپشتی بۆ بانكی ناوەندی ئێران و بەڵێنی پێدانەوەی قەرزەكانی ئێران لەلایەن عێراقەوە، وەک یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبونەوەی دۆلار خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی له‌ بازاڕەكانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر به‌ 126 هه‌زار و 750 دینار مامەڵەی پێوەکرا و بەراورد بە هەفتەی رابردو، بەشێوەیەکی خێرا بەرزبووەتەوە.