لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد



ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنادا بە بەشداری وەزیری ناوخۆی هەرێم و وەزیرانی تەندروستی و خوێندنی باڵا و پەروەردە و پارێزگارەکان و بەرپرسی ئیدارەکان و چەندین بەرپرسێکی دیکەی باڵا كۆمه‌ڵێك ڕێنمایی و بڕیار ده‌ركرا.

ده‌قی بریاره‌كان:

١.تەندروستی خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران لەبەرچاودەگیرێت و هەمان بڕیاری پێشوو واتە سیستمی ئاوێتە بۆ بەردەوامبوونی خوێندن جێبەجێدەکرێت تاوەکو لە ١ی ١١دا کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت و بڕیاری نوێ دەدرێت.

٢.دەبێت حکومەت بە هاوکاری هەموو لایەنێک پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و فەرمانگەکاندا.

٣.دەبێت سزای نەبەستنی ماسک جێبەجێبکرێت و هەر کەسێک ماسک نەبەستێت سزابدرێت.

٤.خاڵە سنورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران و پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل بە مەرجی هەبوونی سەنتەری پشکنین و چاودێری دەکرێنەوە و هاوڵاتیان دەتوانن گەشت بۆ تورکیا و ئێران بکەن.

هاوکات، وەزیری خوێندنی باڵا لەبارەی سیتمی ئاوێتەوە رایگەیاند، ئەو وانانەی دەکرێت بە ئەلکترۆنی بخوێندرێن ئەوا شێوازی ئەلیکترۆنی دەبن و ئەو وانانەی دیکەش کە کردارین و پێویستە خوێندکار لەناو پۆلدا بن ئەوا دەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، دەشڵێت، “سیستمی خوێندن تەنها زیانی بەرکەوتووە و نەمانهێشتووە تیابچێت.”

هاوکات، وەزیری پەروەردەش رایگەیاند، شێوازی خوێندن تا ١ی ١١ی ئەمساڵ وەک ئێستا دەبێت و لە شارەکاندا بە ئەلکترۆنی دەبێت، بەڵام لە گوندەکاندا خوێندن لەناو پۆلەکاندا دەبێت، دەشڵێت، “لە ١ی ١١دا بڕیاری نوێ دەدەین.”