كتێبخانەكەی پیرەمێردی شاعیر یادی 76ساڵەی دەكاتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ 13-10-2020، لە مەراسیمێكدا لە باخچەی كتێبخانەی گشتی سلێمانی، بە ئامادەبوونی جەزای سەید مەجید، لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی و نوێنەری پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەك لە رۆشنبیران و ئەدیبانی شاری سلێمانی، یادی 76 ساڵەی كردنەوەی كتێبخانەی گشتی سلێمانی كرایەوە.

سەرەتای مەراسیمەكە بە وەستانی ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و دواتر وتاری  كتێبخانەی گشتی سلێمانی و  پڕۆژەی قەفتان پێشكەشكرا و پاشان چەپكەگوڵی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی  و  رێكخراوی مرۆیی مام پێشكەش بە كتێبخانەی گشتی سلێمانی كران.

لەبەشێكی تری مەراسیمەكەدا هەریەك لە شاعیران محەمەد پاكژ، شیلان محەمەد و ساڵح بێچار) چەند پارچە شیعرێكیان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

شایەنی باسە لەیادی 76 ساڵەی كردنەوەی كتێبخانەی گشتی سلێمانیدا ژمارەیەك كتێب چاپكرابوون وەك دیاری دابەشكران بەسەر ئامادەبوواندا و هەریەك لە نووسەری ئەو كتێبانە ( ئازاد تۆفیق خەیات، شاهۆ عوسمان، سەڵاح رەئوف) كورتەیەكیان لەسەر ناوەڕۆكی كتێبەكانیان پێشكەشكرد.

لە كۆتایی مەراسیمەكەشدا لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە چەند گەنجێك كە بەگۆرانی و میوزیك بەشداریی یادی دامەزراندی كتێبخانەی سلێمانیان كردبوو.

كتێبخانەی گشتی سلێمانی  لە رۆژی 13-10-1944 بەناوی كتێبخانەی عمومی كراوەتەوە، وەك مزگێنییەكیش بۆ شاری سلێمانی پیرەمێردی شاعیر ئەم هەواڵەی لە رۆژنامەكەی خۆیدا بڵاوكردۆتەوە و نووسیویەتی: ئەمڕۆ لە مەقامی متسەرفیەتەوە دەعوەتنامەیەكمان وەرگرت، مژدەی ئەمەی تیابوو كە ئەمڕۆژی جومعەیە كتێبخانەی مەعاریف دەكرێتەوە، من بەش بە حاڵی خۆم ئەم كتێبخانەیەم لە سێ مەكتەبی بڵند پێخۆشتر بوو، چونكە بەراوردم كردووە، لە زۆركەسیشم بیستووە، خوێندنەوە لە خوێندن كەڵكی زۆرترە.