وەزیری ئاوەدانكردنەوە: پردی دەربەندی رانیە لە رووی بازرگانی و ئابووری و كشتوكاڵی گرنگی زۆری دەبێت


دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەمیانی رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە- بنگرد، لەلایەن سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، وتی: “ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكان، كە لەسەر زێی بچووك دروست دەكرێت، درێژی پردەكە 400 مەترە و بە بڕی 11 ملیار و 387 ملیۆن و 745 ھەزار دینار جێبەجێ دەكرێت، بەشێوازێكی نوێ كە یەكەمجارە لە ھەرێمی كوردستان لە دروستكردنی پرد بەكاردەھێندرێت”.

وتیشی: “لێرەوە سوپاسی سەرۆكی حكومەتی ھەرێم دەكەین، بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژە گرنگە بۆ دەڤەری راپەڕین، كە یەكێكە لەو ناوچانەی لە مێژووی رزگاری خوازی گەلەكەمان و قۆناغە جیاوازەكان زۆرترین ئامادەیی و قوربانیدانی ھەبووە”.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە، وتی: “لێرەوە پێشنیاری ئەوە دەخەمەڕوو كە ناوی ئەم پردە بندرێت پردی راپەڕین، بۆ بەرز راگرتنی خەباتی خەڵكی دەڤەرە”.

راشیگەیاند: “ئەم پڕۆژەیە دەبێتە فەراھەم كردنی ھاتووچۆی خەڵكی ناحیەی بنگرد كە 45 گوند لە خۆدەگرێت و ھەروەھا خەڵكی دیكەی ناوچەكە لێی سوودمەند دەبن، ھاوكات خەڵكی بۆ گەشتوگوزار سەردانی ناوچەكە دەكەن، لە رووی بازرگانیشەوە مەرزی كێلێ بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئاسانكاری زۆر دەكات بۆ جووتیاران كە بەرھەمەكانیان بە ئاسانترین رێگە بۆ بازاڕەكان بگوازنەوە، بە گشتی ئەم پردە لە رووی بازرگانی و ئابووری و كشتوكاڵی گرنگی زۆری دەبێت”.