هۆشداری داڕمانی کەرتی پەلەوەری لە هەرێم دەدرێت

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان هۆشداری دەدەنە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە داڕمانی کەرتی بەرهەمهێنانی مریشکی زیندو لە هەرێمی کوردستان.
 
نازم عەبدوڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕایگەیاند”جارێکی دیکە نرخی مریشک بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناو کێڵگە پەلەوەرییەکان دابەزی و زیانێکی زۆر بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتوە، حکومەتی هەرێمیش هیچ پلانێکی نییە بۆ کەرتی پەلەوەر بەمەش مەترسی دارمانی کەرتەکەمان هەیە.”

راشیگەیاند”لەئێستادا مریشک لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان کیلۆی بۆ ١٨٥٠ دینار دابەزیوە لەکاتێکدا بۆ هەر کیلۆیەک لەسەر خاوەن کێڵگەکان زیاتر لە ٢ هەزار دینارە.”

ئاماژەی بەوەشدا”تەنێک عەلەف زیاتر لە ٣٠ دۆلار زیادبوە لەسەر خاوەن کێڵگەکان حکومەت بۆ هەر هێلکەیەکی تروکاندن ١٥ سەنت گومرگی زیادکردوە هاوردەکردنی مریشکی بەستو بەردەوامە حکومەتی هەرێم بەتەواوەتی کەرتی پەلەوەری پشتگوێ خستوە و بەدەم داواکاریەکانمانەوە نایەت و هیچ پلانێکی نییە.”

جەخت دەکاتەوە کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوە لە بەرهەم هێنانی مریشکی زندو،  ڕەخساندنی هەزاران دەرفەتی کارکردن هەربۆیە پشتگوێ خستنی ئەم کەرتە دەبێتە زیانێکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان.

داواشدەکەن حکومەت پلانێکی هەبێت بۆ وەرگرتنی مریشک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان و تا لەوەزیاتر توشی زیان نەبن و ئەم کەرتە بەرەو داڕمان نەڕوات.