لیوا چەتۆ: كێشەی شۆفێران لە مەرزەكان چارەسەر كرا

بۆ چارەسەری گرفتی شۆفێرانی ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكان و بەمەبەستی زامنكردنی بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هێنانی سوتەمەنی لەئێرانەوە، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ سەردانی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخانی كرد.

ئەمڕۆ 12ی تشرینی یەكەمی 2020 چەتۆ ساڵح سەعید بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوڕێ لەگەڵ وەفدێكی حكومی سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخی كرد و لەگەڵ وەفدی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران و مەهدی شوشتەری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی كۆبووەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا لیوا چەتۆ ساڵح سەعید بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەكەمان بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوونە لەكێشە و گرفتەكانی دەروازەكە و بەتایبەتی كێشەی شۆفێرانی تانكەرەكان، ‎لای خۆشیانەوە وەفدی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران و مەهدی شوشتەری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی بریكاری وەزارەتی ناوخۆیان كرد و دووپاتیشیانكردەوە كەبەهەموو توانایانەوە هەوڵدەدەن و كارئاسانی دەكەن بۆ شۆفێرانی هەرێمی كوردستان تا ئاڵوگۆڕی شمەك لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە بەردەوام بێت

‎هەر لەكۆبوونەوەكەدا لەسەر ئەم خاڵانە ڕێككەوتن كرا:

‎١- لەئێستادا ئەو ۱۷۰۰ تانكەرەی لەدیوی ئێرانن بەسیستمی پەنجا بە پەنجا بارەكانیان دەبەنە خوارەوە بۆ شارەكانی هەرێم واتا پەنجا لەسەدی لەلایەن شۆفێرە ئێرانییەكان بەڕەچاوكردنی سەرجەم ڕێكارە تەندروستی و یاسایییەكان و لەسەدا پەنجاش لەلایەن شۆفێرە عیراقییەكانەوە بارەكانیان لێ وەردەگیرێت.

‎٢-دواتر و بەو ڕێكارە ئیداری و یاسایی یانەی لەلایەن هەردوولاوە جێبەجێ دەكرێت شۆفێرانی عیراقیش دەتوانن هاوشێوەی شۆفێرە ئێرانییەكان بچنە دیوی ئێران و بار باربكەن.

‎٣-لایەنی ئێرانی ڕازی بوون كە ئەو بڕە پارەیەی لە شۆفێری تانكەرە عیراقییەكان وەك تەئمینات لێیان وەردەگیرا چیتر لێیان وەرنەگیرێت و تەنها لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم كاروباری یاسایی یان بۆ ئەنجام بدات تا بتوانن بچنە خاكی ئێران بۆ هێنانی سوتەمەنی.

‎٤ -شۆفێرە عیراقییەكان ڤیزای شەش مانگی یان پێدەدرێت لەلایەن كونسوڵگەری ئێرانەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنە چوار خاڵییەكەی بەگرنگ وەسفكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی شۆفێران و ئاماژەی بەوەشكرد بەم ڕێككەوتنە دەرفەتی كار بۆ شۆفێرە عیراقییەكان دەڕەخسێت و لایەنی ئێرانیش كارئاسانییان بۆ دەكەن.

لەلایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەفدی هاوڕێی گەیشتنە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان.

دواترو لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ گومرگی گەرمیان كەسەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئامادەی بوو، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ وردەكاری كێشەی گواستنەوەی سوتەمەنی لەپەروێزخان تاووتوێكرد، دواتر بڕیاردرا هاوشێوەی ئەو میكانیزمەی لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ گیراوەتەبەر لەدەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانیش پەیڕەوبكرێت و ئەو تانكەرانەی گواستنەوەی سوتەمەنی كە لەدیوی ئێران ئامادەن، سوتەمەنییەكانیان بەهەمان شێوە لەپەروێزخانەوە هاوردەی هەرێم بكرێت. ئاماژە بەوەشكرا كە لە داهاتوودا میكانیزمی نوێ بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی لەدەروازەكانەوە دەگیرێتەبەر.