جموجوڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان ١٠% زیادیکردووە


وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، بەھۆی چەندین فاکتەر و باشبوونی دۆخەکە لە ئێستادا جموجوڵی بازرگانی رۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە، بە جۆرێک لە مانگەکانی رابردوو تا ئێستا ١٠% جوڵەی بازرگانی زیادیکردووە.

فەتحی مەجید وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێم بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە، “دوای کرانەوەی رێگاکان و ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان رۆژبەڕۆژ جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان لە زیادبوون دایە و لە ئێستادا بەرەو زیاتریش دەچێت، چونکە وەکو پێشتر نییە ھاتوچۆ بۆ بازرگانان زەحمەت بێت و بەئاسانی هاتوچۆ دەکەن و ھاوکاریان دەکرێت، ئەمەش بووەتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ئەوەی جوڵەی بازرگانی زیادبێت.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر جموجوڵی بازرگانی بەراورد بکەین بە مانگەکانی پێشتر، تا ئێستا ١٠% زیادی کردووە، ئەمەش باشە و لە داھاتووش ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت زۆر باشتر دەبێت.

باسی لەوەشکردووە، “ھۆکاری زیادبوونیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆخی ھەرێم سەقامگیرە و ھەرێم و بەغدا خەریکی رێککەوتنن و بازار باشە، ئەگەر لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتن رێژەکە زۆر لەوە زیاتریش دەبێت، چونكە جارێکی دیکە کۆمپانیا بیانیەکانیش روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی کاری بازرگانی بکەنەوە و رێژەیەکی باشی کۆمپانیاکان ھاتوون.”