لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ 12ی تشرینی یەکەم بەڕێوبەری بانکی ناوەندیی عێراق و ئێران لە بەغداد کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بەڵێندراوە هاوکاری بانکی لە نێوان هەردوولا پتەوبکرێت.
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا عەبدولناسر هیمەتی، بەڕێوبەری بانکی ناوەندیی ئێران و مستەفا غالب بەڕێوبەری بانکی ناوەندیی عێراق لەسەر چەند پرسێکی ئابوری نێوان هەردوو وڵات کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا عێراق ئامادەیی دەربڕیووە بۆ خەرجکردنی ئەو پارانەی کە لە کڕینی گازی سروشتیی و کارەبادا لە ئێران لەسەری کەوتووە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوبەری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاندووە، “عێراق ئامادەیە سود لە سیستمی بانکی ئێران وەربگرێت لە ڕووی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی ئابورییەوە”.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کە لیژنەیەکەی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی کێشە داراییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە خوێندنەوەی وردترەوە چارەسەری بۆ دابنرێت.
حکومەتی عێراق تا ئێستاش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستی بە گازی سروشتیی ئێران هەیە و ناتوانێت جێگرەوەی بۆ دابنێت لەگەڵ ئەوەش هێشتا کارەبا لەو وڵاتە دەکڕێت، بەشێک لەم ڕێککەوتنە ئابوریانە بە ساڵێک یان شەش مانگ جارێک جارێک پارەکانی خەرجدەکرێت.