مستەفا كازمی لەسەر بێكاری و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان كۆبویەوه‌

مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە حکومەت هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو دەدات بۆ قەیرانەکانی ئێستا،هەروەها گفتوگۆش لەسەر دۆسیەکانى چارەسەركردنى بێكارى و دابینكردنى هەلى كار بۆ گەنجان كراوە.

نوسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆك وەزیران‌، لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگه‌یاند:” كازمى سەرۆكایەتى كۆبونەوەیەكى كردوە كە ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسى حكومى بەشداربوون، گفتوگۆ لەسەر دۆسیەکانى چارەسەركردنى بێكارى و دابینكردنى هەلى كار بۆ گەنجان كراوە، هەروەها باس لە بارودۆخى گشتیش كراوە.  

لەراگەیێندرواەكەدا هاتووە، سەرۆك وەزیران جەختى لەوە كردوەتەوە كە پێویستە قەیرانەكانى ئێستا چارەسەر بكرێن و ڕووبەڕووى سەرجەم ئاڵنگاریە دارایى و ئابوریەكان و پەتاى كۆرۆنا ببنەوە، بەشێوەیەک تێیانپەڕێنن و بیگۆڕن بۆ خاڵى دەستپێكردنى چاكسازى و گەشەپێدان.  

بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، مستەفا كازمى باسى لەوە كردوە كە پێویستە چارەسەرەكان واقعى و كردارى بن و بتوانرێت جێبەجێ بكرێن، چونكە پلانداڕێژى خراپ لە پێشودا كۆبوەتەوە و بارى سەرشانى دەوڵەتى بە كێشەى گەورەوە قورسكردوە بە جۆرێك پێویستى بەچارەسەر و كارى بەردەوام هەیە بۆ گۆڕینى ئەو بارودۆخە هەڵەیەى هەیەو دەوڵەتى لەسەر دەڕوات.  

هه‌روه‌ها چەند پێشنیارێكى تایبەت بە قەرز و دابینكردنى هەلى كار لە كەرتى تایبەت كراوە و باس لە چەند پڕۆژەیەكیش كراوە بۆ پشتگیرى گەنجان، ئەوەش سەرەڕاى چاكسازیەكان.