بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی دابەزینێكی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و بۆ یەكەمجارە 100 دۆلار بەرامبەر بێت بە زیاتر لە 3 ملیۆن و 100 هەزار تمەنی ئێرانی.
بەگوێرەی سایتی بۆنباست كە چاودێریی دراوی ئێرانی دەكات بەراورد بە دراوە جیهانییەكان، ئەمڕۆ 11ی تشرینی یەكەم لەكاتی نوسینی ئەم هەواڵە، نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەرە بە 3 ملیۆن و 115 هەزار تمەنی ئێرانی.
دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی، پاش ئەوە دێت كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، ڕۆژی پێنجشەممە 8ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، سزای بەسەر 18 بانكی ئێران دا سەپاندووە.
بە وتەی كاربەدەستانی ئەمریكا، سزاكان ئەو بانكانەی ئێران دەگرنەوە، كە تا ئێستا بەدەربوون لە سزاكانی ئەمریكا و لە گەڕەكانی تری سزاكاندا بۆ سەر دامەزراوە و كەسایەتییەكانی ئێران، سزایان بەسەردا نەسەپێندرابوو.
سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی دارایی ئێران وەك ئاڵەنگارییەكە بۆ ئەمریكا، چونكە پێشتر ئەوروپا هۆشداری دابوو لەو هەنگاوە و چەند وڵاتێكی ئەوروپا ڕایانگەیاندبوو، “ئەو سزایانە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ڕێگەكانی هاوردەكردنی شمەك و كاڵا و پێداویستی لەبەردەم ئێران دا.”
سزا نوێیەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لەكاتێكدا دێن، كە تەنها چەند هەفتەیەك ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا، هاوكاتی ئەوەش، ئێران باس لەوە دەكات كە چالاكییە ئەتۆمییەكانی دەستپێدەكاتەوە.
پاش سەپاندنی ئەو سزاداراییانە بەسەر ئێراندا، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران، ڕۆژی هەینی 9ی تشرینی یەكەم لەبارەی دوا سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر وڵاتەكەی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدلناسڕ هیمەتی، پارێزگاری بانكی ناوەندیی وڵاتەكەیدا ئەنجامداوە و بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ڕۆحانی ئەو سزایانەی بە “تیرۆریستییانە و نامرۆڤانە” ناوزەند كردووە.
سەرۆكی ئێران وتویەتی، “ئەو ڕەفتارانەی ئەمریكا كە لەپێناو دروستكردنی كێشەن بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراو بە مەبەستی دابینكردنی خۆراك و دەرمان، تیرۆریستییانە و ستەمكارانە و نامرۆڤانەن”.