کەمال موسلیم: (11) ناوچەى پیشەسازى لە هەرێم دروست دەکەین

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ لە وەزارەتەکەى خۆمانەوە دەستمانکردوە بە چاکسازى، دەشڵێت: دەمانەوێت لە رێى بەرهەمى ناوخۆوە پیشەسازى خۆراک دروست بکەین.

کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى به‌ میدیای فه‌رمی گۆڕانی رایگەیاند: چاکسازى یەکێک لە کارە لە پێشینەکانى کابینەى نۆیەم بوە کە بڕیارماندا لەسەرەتاوە کارى لەسەر بکەین، بەڵام هاتنى کۆرنا سستى کرد.

دەشڵێت: یاساى چاکسازى پەسەند کراوە و لە هەمو وەزارەتەکان هەیە و تایبەت بە وەزارەتەکەى خۆشمان ئێمە لیژنە لاوەکییەکانمان بۆ دروست کردوە و کارى جدیمان لەسەر کردوە، چونکە ئەوە بابەتێکى چارەنوسسازە بۆ خەڵک و حکومەتیش.

لەبارەى بەرهەمى ناوخۆشەوە، وەزیرى بازرگانى رایگەیاند:” وەک وەزارەت کارى باشمان لەسەر کردوە بۆ ئەوەى لە دەرەوە بازاڕى ساغکردنەوەى بەرهەمى خۆماڵى پەیدا بکەین و لە ناوخۆش کارگە دروست بکەین بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ ئەوەى بیکەیت بە پیشەسازى خۆراک، لەبەرنامەماندایە و کار بۆ ئەوە دەکەین بەتایبەت دروستکردنى ساردخانە بۆ بەروبومە وەرزییەکان بەتایبەت لە هاویندا”.

باسى لەوەشکرد، لەگەڵ دەستەى وەبەرهێنان بۆ پێشخستنى پیشەسازى (11) ناوچەى پیشەسازى لە هەرێم دروست دەکەن و لە دهۆک کردویانەتەوە و لە ئایندەشدا لە هەڵەبجە دەیکەنەوە و دواتر لە هەمو ناوچەکانى تریش دەیکەنەوە.