سندووقی نێودەوڵەتی دراو پێشبینی دەكات پارەی یەدەگی ئێران دابەزینێكی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێرانیش دەڵی، بەهای كۆی هەناردەی ئێران بۆ چین لەمساڵدا گەیشتووەتە 35 ملیار دۆلار، لە كاتێكدا قەبارەی هاوردە 50 ملیار دۆلار بووە.
سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئێران و چین دەڵێ، بەهای هەناردەی سەرجەم كاڵا نەوتی و نانەوتییەكانمان بۆ چین نزیك 35 ملیار دۆلار بووە، ئەو هەناردەیە 15 ملیار دۆلار كەمترە لە قەبارەی هاوردە و ئاماژەشی پێ دەدات، كۆی هەناردە نەوتییەكانی ئەمساڵی ئێران پێنج ملیار دۆلار بووە.
پێشتر محەمەد باقر نەوبەخت سەرۆكی رێكخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران داهاتی ساڵی 2019ی ئێرانی لە هەناردەكردنی نەوت بە نۆ ملیار دۆلار خەمڵاندبوو، ئەو داهاتە تەنیا پێوەستە بە وەزارەتی نەوتی ئێرانەوە و ئەو نەوتەی لەڕێی سوپای پاسدارانەوە هەناردە دەكرێت و لە بازاڕی رەش ساغ دەكرێتەوە، بودجەكەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
جیاوازی نرخی هاوردەی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەناردەكردنی 19 ملیار دۆلار دەبێت
رێكخراوی ئۆپێك لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردبوو، ساڵی رابردوو ئێران 650 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا هەناردە كردووە و بە لێكدانەوەی ئۆپێك ئەگەر بەهای هەر بەرمیلێك 60 دۆلار بووبێت، ئەوا كۆی گشتی داهاتی ئێران لە هەناردەی نەوت 14 ملیار دۆلار بووە.
وەك ئاماژەشی پێ كردووە، داهاتی كۆی هەناردە نەوتییەكانی ئێران لە بەنزین و گاز و نەوتی سپی و نەفتا لە ساڵی رابردوو نزیك 19 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بووە.
ساڵی 2018 داهاتی ئێران لە هەناردە نەوتییەكان نزیك 60 ملیار دۆلار بووە و 60٪ی داهاتی ئێران لە هەناردەی نەوتەوە دابین دەكرێت، بەڵام ئێستە نەك هەناردەی نەوت، بەڵكو هەناردەی سەرجەم كاڵاكانی تری ئێران دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی ئێران، بەهای هەناردە نانەوتییەكانی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە 13.5 ملیار دۆلار بووە كە ئەمە لەچاو ساڵی رابردوو 35٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوە لەكاتێكدایە بۆ یەكەمجارە ئێران هەناردەكردنی بەنزینی خستووەتە لیستی هەناردە نانەوتییەكان و بەگوتەی سەرۆكی گشتی گومرگی ئێران، هەناردەی بەنزین لە سەرووی هەموو كاڵاكانی ترەوە بووە.
بەو شێوەیە ئەگەر بەنزین لە لیستی هەناردە نانەوتییەكانی ئێران دەرهاوێین، بەهای هەناردەی كاڵا نانەوتییەكانی ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا ناگاتە حەوت ملیار دۆلار.
كۆمپانیای راوێژكاری وزەی “فیكتنز گلۆبال ئەنەرجی گرووپ” لە راپۆرتێكدا رای گەیاندووە، بەهۆی تەشەنەی كۆرۆنا لە ئێران، ئاستی بەكارهێنانی بەنزین لەو وڵاتە دابەزیوە و ئێران لە بەهار و هاوینی ئەمساڵدا رۆژانە 170 هەزار بەرمیل بەنزینی هەناردە كردووە.
ئەو ئامارە لەكاتێدایە ساڵی رابردوو ئێران رۆژانە توانای هەناردەكردنی 30 هەزار بەرمیلی لە رۆژێكدا هەبووە و ئەو كۆمپانیایە پێشبینی دەكات لە پایزی ئەمساڵدا ئێران توانای بەرهەمهێنانی بەنزینی بۆ هەناردەكردن بگاتە ئاستی سفر و لە زستاندا بەرز ببێتەوە بۆ رۆژانە 50 هەزار بەرمیل.
بەپێی ئەو راپۆرتەی كۆمپانیای فیكتنز گلۆبال ئەنەرجی گرووپ، هەناردەكردنی بەنزین هی ئەوە نییە پشتی پێ ببەسترێت و بە سەرچاوەیەكی جێگیر بۆ داهاتی ئێران هەژمار بكرێت.
ئەمساڵ ئێران بەشێوەی مامناوەند، رۆژانە 115 هەزار بەرمیل بەنزینی هەناردە كردووە كە لەچاو ساڵی رابردوو هەڵكشانێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت ساڵی داهاتوو ئەو رێژەیە بگاتە 60 هەزار بەرمیل لە رۆژێدا.
راگرتنی بەهای تمەن لە 30 هەزار موعجیزەیەکی گەورەیە
مەجیدڕەزا حەریرچی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران – چین بە میدیای فەرمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاندووە، پێویستی ئەمساڵی ئێران بە پارەی یەدەگ “ئەگەر ئەوپەڕی دەستپێوەگرتنیش بكات” دەگاتە 50 ملیار دۆلار.
سندووقی نێودەوڵەتی دراو ئەمساڵ پێشبینی كردبوو، ئەگەر ئێران رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، بەهای كۆی هەناردەی ئەو وڵاتە بە نەوتیشەوە دەگاتە 46 ملیار دۆلار و بەهای هاوردەی ئەو وڵاتەش 64.6 ملیار دۆلار دەبێت.
بەپێی ئەو پێشبینییەی سندووقی نێودەوڵەتی، هاوسەنگی بازرگانی ئێران بۆ یەكەمجار لە زیانی دەشكێتەوە و جیاوازی بەهای هاوردەی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەناردەكردنی 19 ملیار دۆلار دەبێت.
بەپێی لێدوانی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران و چین، هەناردەی كاڵا نانەوتییەكانی ئێران زۆر كەمترە لەو پێشبینییەی سندووقی نێودەوڵەتی دراو كردوویەتی و بڕیارە تا دوو هەفتەی تر ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە راپۆرتێكی نوێ لەو پێوەندییەوە بڵاو بكاتەوە، بەڵام بە رەچاوكردنی ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هەناردەی كاڵا نانەوتییەكانی 35٪ دابەزیوە “بە هەژماركردنی بەنزینیش وەك كاڵا نانەوتییەكان” راپۆرتەكەی سندووقی نێودەوڵەتی دراو گۆڕانێكی زۆری بەسەردا دێت.
سندووقی نێودەوڵەتی دراو لەبارەی پارەی یەدەگی ئێران، پێشبینی ئەوەی كردبوو ئێران ئەمساڵ 20 ملیار دۆلار پارەی یەدەگ هەڵبگرێت و كۆی ئەو پارەیەی لەناو سندووقی نێودەوڵەتی وەك یەدەگ دەمێنێتەوە، بگاتە 85 ملیار دۆلار و ساڵی داهاتوو ئەو رێژەیە دابەزێت بۆ 69 ملیار دۆلار، بەڵام سەرۆكی ژووری بازرگانی دەڵێ ئەمساڵ پێویستیان بە هەڵگرتنەوەی لایەنی كەم، 50 ملیار دۆلار دەبێت.
سەرۆكی بانكی ناوەندی ئێران ددانی بەوەدا ناوە كە بەشی زۆری پارە یەدەگەكانی ئێران كە لە دەرەوەی ئەو وڵاتە هەڵگیراون، دەستیان بەسەردا گیراوە، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا ئێران ساڵانە 18 ملیار دۆلاری خستووەتە ناو بازاڕەوە بۆ ئەوەی رێ لە دابەزینی بەهای تمەن بگرێت، ئەوە لەكاتێكدایە بانكی ناوەندی بەو بڕە زۆرە دۆلارەیش كە رەوانەی بازاڕی كردووە، نەك نەیتوانی رێ لە دابەزینی بەهای تمەن بگرێت، بەڵكو بەهای یەك تمەن لە بەرانبەر یەك دۆلاری ئەمەریكی لە حەوت هەزار تمەنەوە گەیشتە 30 هەزار تمەن.
سەرۆكی بانكی ناوەندی ئێران دەڵێ، ئێستە كە پارەی یەدەگی ئێران گەیشتووەتە بنكڕەكەی، پاراستنی بەهای تمەن لە 30 هەزاریش وەك موعجیزەیە و چاوەڕوان دەكەین بەهای تمەن بە خێراییەكی لە ڕادەبەدەر روو لە داڕمان بكات.
سندووقی نێودەوڵەتی دراو دابەزینی رۆژ لەدوای رۆژی بەهای تمەنی بۆ نەمانی پارەی یەدەگی ئێران گەڕاندووەتەوە و دەڵێ، بەهۆی ئەوەی ئێران توانای خستنەبازاڕی دۆلاری نەماوە، رۆژانە بەهای تمەن روو لە دابەزین دەكات و هۆكارێكی تریش ئەوەیە كە هاووڵاتییانی پارەكانیان كردووە بە دۆلار و لە ماڵەوە هەڵیان گرتووە.
بەپێی پێشبینییەکانی سندوقی نێودەوڵەتی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ئابووری لە دنیا، چاوەڕوان دەکرێت سۆنامییەکی گەورە روو لە تمەنی ئێرانی بکات و بەهای تمەن لە بەرانبەر دۆلار بۆ نزیک دوو هێندەی ئێستە دابەزێت و لە ماوەی یەک ساڵ، نرخی یەک دۆلار لە بەرانبەر تمەنی ئێرانی، بگاتە 50 بۆ 55 هەزار تمەن.