محەمەد خەفاجی، وەزیری كشتوكاڵی عێراق ئاشكرایكرد، بەرهەمی ئەمساڵی خورمای عێراق 700 هەزار تۆنە و لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە هەناردە دەكرێت.
خەفاجی لە لێدوانێكدا ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “خورمای عێراق هەناردەی زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و هەندێك وڵاتی ئەوروپا دەكرێت، لەوانە هندستان، پاكستان، توركیا، ڕوسیا، فەرەنسا و چەند وڵاتێكی تر.”
وەزیری كشتوكاڵ دەڵێت، “لەم دۆخە داراییەی عێراق دا، حكومەت ناتوانێت خورما وەربگرێت، بۆیە ئەو كارەیان سپاردووە بە كەرتی تایبەت، ئەو لایەنەش توانای وەرگرتنی خورمای لە باخەوانەكان و هەناردەكردنی بۆ وڵاتان هەیە.”
پێشتر وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاندبوو، “هەناردەكردنی خورما بۆ دەرەوەی وڵات لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە دەستیپێكردووە.”