وتەبێژی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی نەوت و گازی ئێران رایدەگەیێنێت حکومەتی عێراق بەهۆی گەمارۆکانەوە سووتەمەنی لە ئێران ناکڕێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی لەگەڵ گەمارۆکان هەندێ دەسەڵاتی هەیە و بەپێی ئەوانە دەجوڵێتەوە.
حەمید حوسێنی وتەبێژی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی نەوت و گازی ئێران رایگەیاند: “هەرێمی کوردستان گەورەترین کڕیاری ئێمەیە و بەگشتی لە 10 ساڵی رابردوودا تاوەکوو ئێستا هەناردەمان بۆ حکومەتی ناوەندیی عێراق نەبووە و زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بووە”.
حەمید حوسێنی هۆکاری ئەمەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە “هەرێمی کوردستان یاسا و رێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەیە و لە پەیوەندیی لەگەڵ گەمارۆکان هەندێک دەسەڵاتی هەیە و بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی دەجوڵێتەوە”.
بەگوتەی حوسێنی، حکومەتی عێراق پێویستیی بەنزینی خۆی لەهیندستان و وڵاتانی ئەوروپاوە دابیندەکات.
وتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی نەوت و گازی ئێران دەڵێت: “هەرێمی کوردستان هاوردەی هیچ شتێک قەدەخە ناکات، بەڵکوو سیاسەتە بازرگانییەکانی خۆی بە دانانی باج رێکدەخات و ئەگەر بیەوێ کاڵایەک هاوردە نەکات باجی سەر ئەو کاڵایە بەرز دەکاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە حکومەتی ناوەندیی هاوردەی قەدەخەی دەکات”.
بەپێی راپۆرتی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی نەوت و گازی ئێران، لە 6 مانگی رابردوودا ئێران بڕی 2 ملیار و 907 ملیۆن دۆلار هەناردەی بۆ عێراق هەبوو.
بە وتەی حەمید حوسێنی، سەرەکیترین ئەو کاڵا و کەلوپەلەی ئێران هەناردەی هەرێمی کوردستانی دەکات، بریتین لە بەنزین و دواتریش گاز، کارەبا، کەلوپەلی بیناسازی، ماددەی خۆراکی، ماددەی کیمیایی، پترۆکیمیایی و کەلوپەلی پیشەسازی.