هەر عێراقییەك ساڵانە4 جار بەرتیل دەدات

لیژنەی دەستپاكی (نەزاهە)ی عێراق ئەنجامی راپۆرتێكی سەبارەت بە گەندەڵی و دەستپاكی لە كەرتی گشتی بڵاو كردەوە و بەپێی راپۆرتەكە هەر هاووڵاتییەكی عێراق ساڵانە بەلانیكەم دەبێ 4 جار بەرتیل بدەن بۆ بەڕێكردنی كارەكانیان لە فەرمانگەكانی حكومەت.
ئەم لێكۆڵینەوە نوێیەی لیژنەی دەسپاكی سەبارەت بە رادەی گەندەڵی و دەستپاكی لە كەرتی گشتی عێراقدا كە بەهاوكاری لەگەڵ دەزگای ناوەندی سەرژمێری كراوە، بەبێ وێنە ناوزەدكراوە. لێژنەكە بۆ ئامادەكردنی ئەو راپۆرتە سوودی لە 31 هەزار فەرمانبەری خزمەتگوزاری مەدەنی وەرگرتووە لەسەر بابەتەكانی پەیوەست بە بارودۆخی كارگێڕی و راییكردنی كارەكان و قایلبوون بە ئەرك و دەستپاكی فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری مەدەنی لە عێراق و دۆسییەكانی گەندەڵی و شەفافییەت.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە “هاووڵاتیانی عێراق كە ژمارەیان 34 ملیۆنە ساڵانە هیچ دەرفەتێكیان نییە دەبێ لە 4 حاڵەتی گەندەڵییەوە بگلێن، واتە دەبێ ساڵانە بەلانیكەم چوار بەرتیل بدەن بۆ راییكردنی كارەكانی لەفەرمانگەكاندا.
جاكلین بادكۆك، نوێنەری هەمیشەیی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە سەرپەرشتیاری لێكۆڵینەوەكەی كردووە، ئاماژەی بە گرنگی ئەو لێكۆڵینەوەیە كردووە و گوتویەتی “ئەم لێكۆڵینەوەیە تەنیا گوزارشت نییە لە بەردوامی حاڵەتی گەندەڵی كە كاریكردووەتە سەر ژیانی عێراقییەكان، بەڵكو بنەمایەكیشە بۆ چۆنیەتی قەڵاچۆكردنی گەندەڵی”.
“گەندەڵی روو لە هەڵكشانە”
هەر هەمان لێكۆڵینەوە ئاشكرایكردووە سەرەڕای گرتنەبەری رێوشوێنی ئەرێنی بۆ رێگەگرتن لە تەشەنە نەكردنی گەندەڵی، بەڵام هێشتا ئەو دیاردەیە روو لە هەڵكشانە، بەپێی لێكۆڵینەوەكە لە ساڵی 2004دا 786 حاڵەتی گەندەڵی هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2011دا گەیشتووەتە 12،520 حاڵەت.
لێكۆڵینەوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە 35%ی فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری مەدەنی كە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراون بەبێ گەڕانەوە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی فەرمی دەستنیشانكراوون بەرادەیەك ئەندازەی حاڵەتەكانی گەندەڵی نیگەرانی سەبارەت بە ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لێكەوتووەتەوە، لەوەش سەیرتر ئەوەیە بەپێی ئەم لێكۆڵینەوەكە 66%ی ئەوانەی داواكاری دامەزراندنیان لەو كەرتە ئاراستەكردون، دەركەوتووە خۆیان حەز ناكەن، حاڵەتەكانی گەندەڵی ئاشكرا بكەن و لایەنە پەیوەندیدارەكانی لێ بەئاگا بێننەوە.
“تەشەنەكردنی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان 3.7%ە”
بەپێی ئەنجامەكانی ئەو راپۆرتە 54%ی هاووڵاتیانی عێراق پێیانوایە رێژەی گەندەڵی بەبەراورد لەگەڵ دووساڵ لەمەوبەر زیادی كردووە. 
هەر بەپێی ئەنجامەكانی ئەو راپۆرتە ئاشتی تەشەنەكردنی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان 3.7%یە، بەڵام لە بەغدا 29.3%یە و لە لە پارێزگاكانی دیكەشدا 10.2%ە.
راپۆرتەكە دەشڵێ 45.8%ی بەرتیلدەرەكان بەناچاری پەنا دەبەنە بەر ئەوكارە بۆ پەلەكردن لە راییكردنی كارەكانیان، 26.6%یشیان بۆ بەدەستهێنانی مامەڵەیەك یاخود خزمەتگوزارییەكی باشتر لەو كارە تێوەدەگلێن. بەپێی راپۆرتەكە زۆرترین بەرتیل دەدرێتە پۆلیس و فەرمانبەرانی تۆماری خانوبەرە و فەرمانبەرانی باجی داهات.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە تەنیا 4.5%ی بەرتیلدەران لایەنە پەیوەندیدارەكانیان لە بەرتیل دان ئاگادار كردووەتەوە. هەروەها لە راپۆرتەكەدا هاتووە “پتر لە دوو لەسەر سێی فەرمانبەرانی ئەو كەرتە دەترسن لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكەنەوە لەو گەندەڵیانەی لەسەر ئاستی وەزارەتەكانی خۆیاندا دەكرێن”.
رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە سەرەتای مانگی ئاداری رابروودا رەخنەی لەوە گرت كە سەرەڕای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر “داگیركردنی عێراق” لەلایەن ئەمریكاوە هێشتا هیچ پێشڤەچوونێك بەدی نەكراوە لەسەر ئاستی دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستییەكان بۆ هاووڵاتیانی عێراق، سەرەڕای ئەوەش گەندەڵی گەیشتووەتە تەواوی جومگەكانی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە. ئەمەش وایكردووە دیاردەی گەندەڵی ببێتە گەورەترین خاڵی مەترسیدار بەرادەیەك لەساڵی 2010دا بخرێتە ریزبەندی هەشتەم وڵاتی هەرە گەندەڵ لەجیهاندا. 
دەستەی دەسپاكی عێراقیش لە مانگی نیسانی رابردوودا رایگەیاند رێژەی گەندەڵی لە وڵاتدا پارساڵ گەیشتووەتە 120 ملیۆن دۆلار، بەڵام رێژەی یەك ملیار دۆلاریش دزراوە دەرەوە، بەو هۆیەشەوە 6 وەزیر و 26 بەڕێوەبەری گشتی بەو تۆمەتەوە بەندكراون، هەروەها 101 پاڵێوراوی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و 349 پاڵێوراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تاكو ئێستا ساختەكاریان لە بڕوانامەی خوێندن كردووە، لەوەش زیاتر 112 پەرلەمانتار كە لەنێوانیاندا جەعفەری و عەللاوی و موتڵەگ هەن هێشتا ئەستۆ پاكی دارایی خۆیان ئاشكرا نەكردووە.
پارساڵ دەستەی دەسپاكی عێراق لەراپۆرتێكیدا سەبارەت بە گەندەڵی لەسەر ئاستی عێراق رایگەیاندبوو 33 هەزار و 351 داواكاری گەندەڵی بینیوە و بەهۆیەوە فرمانی دەستگیركرنی 2667 داواكراوی دەركردووە كە 9 لەو داواكراوانە بە پلەی وەزیر یاخود ئەوانەی لە پلەی وەزیردان، لەگەڵ 199 فرمانی تایبەت بە 61 بەڕێوەبەری گشتی یاخود ئەوانەی ئەو پلەیەیان هەیە یان لەسەرووی بەڕێوەبەری گشتین. هەروەها 845 فرمانی دەستگیركردن بەتۆمەتی ساختەكاری و 367ی دیكە بەتۆمەتی گەندەڵی دەركراوە. لەكۆی تەواوی ئەم داوایانەدا 2024 داواكاری جێبەجێكراون.
هەر بەپێی راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی پار ساڵ 5980 كەسیان بەتۆمەتی ئەنجامدانی 4287 كاری گەندەڵی ئاراستەی دادگاكان كردووە، كە لەنێوانیاندا 12 كەس بە پلەی وەزیر، 979 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی، 7 لە پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان بۆ ساڵی 2010 و 119 پاڵێوراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكان. بەڵام تەنیا 2854 لەوانە دادگایی كراون، كە 1147 ئازاد كراون و 1709یان سەركۆنە و سزادراون.
راپۆرتەكەی دەستەی دەسپاكی ئاماژەی بەوە كردووە پتر لە 565 بەرپرس لەوانەی ئەستۆپاكی خۆیان ئاشكراكردووە زانیاری هەڵەیان داوە، كە پێنجیان دادوەر بوون و 28 پەرلەمانتار، 10 وەزیر و 30 جێگری وەزیر و راوێژكار، 6 پشكنەری گشتی، 87 ئەندامی پارێزگاو كارگێری پارێزگاكان، 97 بەڕێوەبەری گشتی، 176 جێگری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرو بەرپرسی بەش و هۆبەكان، 66 مامۆستای زانكۆ، 25 باڵیۆز و 35 ئەفسەر زانیاری هەڵەیان بەبەراورد لەگەڵ زانیارییەكانی پارساڵ. 
روداو