ئاستی بەروبومی ناوخۆیی لە پارێزگای سلێمانی 88%ی پێداویستیی بازاڕ دابیندەكات و لەو بڕەش بەشێكی هەناردەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكرێت، وەك قایمقامیەتی سلێمانی ئاشكرایكردووە.
ئاوێنه: لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی تشرینی یەكەم قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، “ئاستی بەروبومی ناوخۆیی لە پارێزگای سلێمانی 88% پێداویستیی بازاڕ دابیندەكات و لەو بڕەش بەشێكی هەناردەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكرێت”.
لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی هاوسەنگیی بەروبومی سەوزە و میوە لە پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە و ڕایگەیاند، “پاڵپشتیی تەواوی جوتیاران دەكەین لە بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیان و ڕێگریی تەواو لەهێنانی بەرهەمی قاچاخ و نایاسایی دەگرین”.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، ڕزگار حەمد خدر، جێگری بەڕێوبەری كشتوكاڵی سلێمانی ڕایگەیاندووە، “خۆشبەختانە 88%ی سەوزەواتی ناوبازاڕەكانی شاری سلێمانی بەروبومی ناوخۆن و لەڕێگەی سەرجەم لیژنەكانەوە ڕێگرییەكی تەواو لە هاوردەكردنی بەرهەمی نایاسایی دەكرێت”.
قایمقامیەتی سلێمانی داواش دەكات، ڕێنماییە خۆپارێزییەكان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو عەلوەی سلێمانی-دا جێبەجێبكرێن، بەتایبەت لەم كاتەدا كە بەرەو وەرزی سەرما دەڕۆین.