پاش ئەوەی كۆمپانیای RIM، بەرهەمهێنەری مۆبایلی بلاكبێری رایگەیاند تووشی زیان بووەتەوە و هۆشداریی زیانلێكەوتنی زۆرتریشی دا، پشكەكانی ئەم كۆمپانیایە بە رێژەی ٣٠% دابەزی.
كۆمپانیای RIM رایگەیاند: بە گشتی ئەمساڵ 6 ملیۆن و 800 هەزار مۆبایلی فرۆشتووە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو، ئەم رێژەیە 7 ملیۆن و 800 هەزار بووە کە تەنیا 2 ملیۆن و 700 هەزار لەم فرۆشە جۆری نوێ بووە .
جەیمز مورمان، توێژەرێكی بازاڕ رایگەیاند: دابەزینی رێژەی ئابوونەدەرانی بلاكبێری مایەی نیگەرانی زۆرە بۆ ئەو كۆمپانیایە.
مورمان راشیگەیاند ” ئەوەی منی نیگەران كردووە، لەدەستدانی ٤ ملیۆن ئابوونەداری ئەو كۆمپانیایە.”
كۆمپانیاكە رایگەیاند، بەنیاز نین بەرهەمی تابلێتەكەیان بە ناوی (playbook – پلەیبووك) نوێبكەنەوە.
بە پێی ئاماری بازاڕەكان، پێشوازیی باش نەكراوە لە بەرهەمی نوێی بلاكبێری-١٠، ئەمەش بووەتە هۆكاری دابەزینی پشكەكانی كۆمپانیای RIM .
مورمان ئەم پێشوازینەكردنەی بۆ درەنگ كەوتنە بازاڕی ئەم بەرهەمە گەڕاندەوەو گوتی: پلاتفۆرمی بلاكبێری-١٠ درەنگ تەواوكرا، ئەمەش بووە هۆكارێك كە خێرا نەگاتە بازاڕەكانی ئەمریكا.