ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای كرد، كه ڕاپۆرتێك له‌باره‌ی ڕۆیشتنی فره‌وانی سیكراب له پارێزگه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاست بۆ هه‌رێمی كوردستان به ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ ڕێگری له هاتنی سیكراب له پارێزگه‌كانی تری عێراقه‌وه بۆ كارگه‌كانی ئاسن و شیش له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
عه‌لی لامی ئه‌ندامی لیژنه‌كه له لێدوانێكی بۆ ماڵپه‌ڕی “ناس” دووپاتی كرده‌وه، كه لیژنه‌كه‌یان زانیاری وردی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی بردن و رۆیشتنی سیكراب له ژماره‌یه‌ك پارێزگه‌ی عێراقه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستكه‌وتووه و ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ئاراسته‌ی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی ده‌كه‌ن.
زیاتر گوتی، له ڕاپۆرته‌كه به داتا و زانیاری ورده‌وه، هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی بردنی ئاسن و سیكراب و كه‌لوپه‌لی تێكچووی له ئاسن دروستكراو بۆ هه‌رێمی كوردستان خراوه‌ته ڕوو، كه ته‌نانه‌ت له به‌غدا و به‌سڕه‌وه‌یش بۆ كارگه‌كانی ئاسن و شیش له هه‌ولێر و سلێمانی ڕه‌وانه ده‌كرێت.
ده‌یانه‌وێ سیكرابیش بۆ كوردستان ڕه‌وانه نه‌كرێ
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه داوا له لیژنه‌ی باڵای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ین، كه هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه هه‌بێ و چیتر ڕێ نه‌ده‌ن كه سیكرابی پارێزگه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاست بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه بكرێ، ده‌توانرێ له پارێزگه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاست وه‌به‌رهێنانی تێدا بكرێ، تا له‌و ڕێیه‌وه په‌ره به ئابووری عێراق بدرێ و پێویستییه‌كانی ناوخۆیش هه‌ر له باشوور و ناوه‌ڕاست دروست بكرێن.
هاتنی سیكراب و كه‌لوپه‌لی له ئاسن دروستكراوی بێ كه‌ڵك له پارێزگه‌كانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان، گۆڕینی ئاسنی سیكرابه‌كانه بۆ شیش و پێویستییه‌كانی تری له ئاسن دروستكراو و ڕه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی به‌شی زۆریه‌تی بۆ خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق بێ ئه‌وه‌ی هیچ باج و گومرگی بخرێته سه‌ر، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی په‌رله‌مان كه هه‌وڵێكی له‌مجۆره ده‌ده‌ن، بێده‌نگ له هاتنی به لێشاوی كه‌لوپه‌لی ئێرانی بۆ عێراق و بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه ئه‌م كه‌لوپه‌لانه له ناوخۆی عێراق دروست بكه‌ن.