وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاشكرای دەكات، 4785 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە و 3922 كەسیش چاكبوونەتەوە و 67 كەسیش گیانیان لەدەستداوە، كە زۆرینەیان لە شاری سلێمانی بوون.
وەزارەتی تەندروستی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 22 هەزار و 85 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجام دراوە و دەركەوتووە 4785 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون.
ئاشكراشی كردووە، كە زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا بوون، هەروەها لە سلێمانی 193 و هەولێر 192 و دهۆك 255 حاڵەت تۆماركراوە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، كە 3922 تووشبوو بە پەتاكە چاكبوونەتەوە، كە زۆرینەیان لە بەغدا و بەسڕە بوون.
ئاشكراشی كردووە، كە 67 كەس گیانیان لەدەستداوە، كە زۆرینەیان لە سلێمانی بوون، كە 11 كەس بوون و لە دهۆك 8 كەس و هەولێر 2 كەس مردوون.
ماوەی چەند ڕۆژێكە زۆرترین ژمارەی مردن لەسەر ئاستی عیراق و هەرێم لە شاری سلێمانی تۆمار دەكرێت و لای خۆیشەوە د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاندووە، كە لیژنەیان پێكهێناوە و لێكۆڵیننەوە لە هۆكاری ئەو هەموو حاڵەتی مردنە دەكەن.