(عومەر وائیلی) سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عیراق دەڵێت، پلانێكی تایەتیان هەیە بۆ رێگریكردن لە هاوردەكردنی كاڵای قەدەغەكراو لەسەرجەم دەروازەكان، بە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە.
وتیشی، داوامان لە هێزەكانی پاسەوانی سنوور كردووە بەدواداچوون بكەن بۆ پڕۆسەكانی بەقاچاخبردن لە دەروازە نارەسمیەكانەوەو پێویستە هاوردەكردنی كاڵا قەدەغەكراوەكان كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەتایبەتیش بەرهەمە كشتوكاڵیەكان.
وائیلی تەئكیدی كردەوە، لەسەر كاركردن بە فەرمان و رێنماییە حكومییەكان بۆ پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆییو دانانی پلانێكی پێویست بۆ رێگری لە هاوردەكردنی كاڵای قەدەغەكراو لەسەرجەم خاڵە سنورییەكان، لەناویاندا خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرۆك وەزیرانی عیراق سیستمی ئەلیكترۆنی و تاقیگەكانی هەرێمی كوردستانی بینیوەو داوایكردوە لە پەیوەندیدابن لەپێناو یەكخستنی پێناسی گومرگی، بۆ ئەوەی رێوشوێنەكان یەكبخرێن لە سەرجەم دەروازە سنورییەكاندا، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەنێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان هەیە.