ئاماده‌كاری بۆ كردنه‌وه‌ی دووهه‌مین خولی پێشه‌نگای كتێب له‌ سلێمانی ده‌كرێت


به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی تایبه‌ت به‌ كتێب له‌ بینای ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌گه‌ڵ رێكخه‌رانی پێشه‌نگا و نوێنه‌ری به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ پێشه‌نگاكه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك رێكخرا.

بڕیاره‌ له‌ به‌رواری ١٨١١٢٠٢٠ دووهه‌مین خولی پێشه‌نگای كتێب به‌ به‌شداری چه‌ندین ناوه‌ندی رۆشنبیری و چاپكردنی ناوخۆی و بیانی بكرێته‌وه‌، ئه‌مرۆش به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگاكه‌ ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌ سه‌رپه‌رشتی یاسین ڕه‌حیم، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ژوور، له‌گه‌ڵ رێكخه‌ران و به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌ك ڕێكخرا‌ و داوای له‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ پێشه‌نگاكه‌ كرد هاوكاری ته‌واو كۆمپانیایی ئه‌تڵه‌س ئه‌سیل بكه‌ن كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگاكه‌، تاكو به‌ سه‌ركه‌وتووی پێشه‌نگاكه‌ به‌رێوه‌بچێت.

كۆمپانیایی ئه‌تسڵه‌س ئه‌سیل، بۆ ڕێكخستنی پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی داوایان له‌ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانی شاری سلێمانی كرد كه‌ هاوكاریان بن بۆ به‌رێوه‌بردنی پێشه‌نگاكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ و شایسته‌ كه‌ شیاوی هاوڵاتیان و رۆشنبیرانی شاری سلێمانی بێت و ببێته‌هۆی شكۆداركردنی نازناوی پایته‌ختی رۆشبیری له‌ شاره‌كه‌ماندا و نیشاندانی وێنه‌یه‌كی شارستانیانه‌ی شاره‌كه‌مان به‌و میوانه‌ بیانیانه‌ی به‌شداری پێشه‌نگاكه‌ ده‌كه‌ن.

لای خۆشیانه‌وه‌ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانی شاری سلێمانی به‌ڵینیاندا هه‌موو جۆره‌ هاوكاری و كار ئاسانیه‌ك بۆ رێكخه‌رانی پێشه‌نگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی شاری سلێمانی بكه‌ن.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئومێد عه‌بدوڵا، نوێنه‌ری ته‌ندروستی سلێمانی سه‌رجه‌م ته‌كنیك و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگاكه‌دا خسته‌ڕوو، جێگری سه‌رۆكی ژووریش داوای له‌ كۆمپانیای ئه‌تله‌س ئه‌سیل كرد كه‌ سه‌رجه‌م رێكار و ڕێنماییه‌ك وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی سه‌لامه‌تی هه‌موو لایه‌ك.