لەبەر نیگەرانیی كشانەوەی پاڵنەرە داراییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی چین، زۆربەی بازاڕەكانی بۆرسەی ئاسیا دابەزین لە پشكەكانیان تۆمار دەكەن.
پاش ئەوەی لە سێپتەمبەری ٢٠١٢وە تاوەكو هەفتەی رابردوو گەورەترین نیشاندەری بازارەكانی ئاسیا، MIAP بەرزترین ئاستی خۆی، ٢.٨% ی تۆماركرد، ئەم نیشاندەرە رۆژی دووشەمە بە رێژەی ٠.٥% دابەزی. هەروەها بە گشتی ئەم نیشاندەرە لە نیوەی ئەمساڵدا بە رێژەی ٧.٣% دابەزینی تۆماركردووە.
مانگی رابردوو، بانكی ناوەندی ئەمریكا رایگەیاند، دەستهەڵدەگرێ لە سیاسەتی كڕینی رەهنەكان لە بازاری ئەو وڵاتەدا، ئەمەش نیگەرانی درووستكرد لە بازارەكانداو دەستبەجێ بووە هۆكاری دابەزینی بازارەكانی بۆرسەی ئەمریكا و بازارەكانی دیكەی جیهان.
لەلایەكی دیكەشەوە، كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارگەكانی چین لە ٩ مانگی رابردووەوە تاوەكو ئێستا نیگەرانی لە بازارەكاندا درووستكردووە و لە ئاكامدا بووەتە هۆی دابەزینی زۆربەی بۆرسەكانی ئاسیا.