گه‌شتوگوزاری هەرێم: كار دەكەین كەرتی گەشتیاری ببێتە سەرچاوەیەكی داهات


دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم ئەمڕۆ شەممە 26ی ئەیلول ڕایگەیاندووە، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كارنامه‌ی كاركردنیدا گه‌شتوگوزاری له‌ ڕیزی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی داناوه‌، بە مەبەستی ئەوەی كەرتی گەشتیاری ببێتە سەرچاوەیەكی داهات.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزارەوە بڵاویكردووەتەوە، دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە، “چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان گرنگی بە ڕۆژی جیهانیی گه‌شتوگوزار دەدرێت، چونكە ئەو پێشكەوتنەی گەشتوگوزاری جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، لە ئیستادا هەرێمی كوردستانی لێ بێبەش نییە، بۆیە دەمانەوێت لەم ڕۆژەدا ئەم پەیوەندییە بەهێزتر بكەین و سوود لە ئەزمونی گەشتیاریی وڵاتان و ڕێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانی وەربگرین و زیاتر پەرە بە كەرتی گەشتیاری بدەین”.

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزار پلانی بۆ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ داڕشتووه‌ و بە یه‌كێك له‌ چالاكییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پلانی 2020 دانرابوو، بۆیه‌ له‌ ڕۆژی جیهانیی گه‌شتوگوزار به ‌دروشمی (به‌ گه‌شتوگوزار گونده‌كانمان ده‌بوژێنینه‌وه‌) گرنگی به‌په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری لادێ ده‌ده‌ین، كه‌ هاودروشمه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شتوگوزاری جیهان”.

لە ڕاگەیەندراوەكەی گەشتوگوزاری هەرێم هاتووە، “ساڵانی ڕابردوو كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بە خێرایی بەرەو پێش هه‌نگاوی ناوه‌، لە زیاد بوونی ژمارەی گەشتیاران و لە زیادبوونی شوێنە خزمەتگوزارییە گەشتیارییەكان، ئەمەش بەپێی پلانێكی ستراتیژی كە لەلایەن دەستەی گشتیی گەشتوگوزارەوە دانراوە، مامەڵە لەگەڵ ئەم گەشەسەندنە دەكرێت، هەروەها ماستەرپلانی گەشتوگوزاری كوردستان لە ئێستادا دەست بەكارە و تاكو ساڵی 2025 پلانی بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری داڕشتووە”.

دەستەكەی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، “وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاریش هه‌نگاوێكی دیكه‌ی كاره‌كانمانه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ماهه‌نگین له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، له‌ كۆی هەزار و 55 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ، له‌ ساڵی 2020ەوە ڕاگه‌یندراون، 227 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاری خراوه‌ته‌ پلانەوە”.

“هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵی 2020 بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیانی زۆر به‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری كه‌وت، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی پاشه‌كشه‌ی كرد، به‌ڵام جێگای دڵخۆشییه‌ كه‌ ئێستا شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ و جوڵه‌یه‌كی باش كه‌وتووەته‌‌وە كه‌رتی گه‌شتیاری و گه‌شتیاران له‌ شاره‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ڕوو له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن”، دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم وا دەڵێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەڕای ئەم پێشكەوتنە، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كارنامه‌ی كاركردنیدا گه‌شتوگوزاری له‌ ڕیزی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی داناوه‌، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و دەستەی گشتی گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنن سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی كه‌موكورتی له‌ كه‌رتی گه‌شتیاری، له‌ جێبه‌جێكردنی پلانی په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزار به‌رده‌وام ده‌بن، “تا گەشتیاری ده‌بێته‌ سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات و كوردستان دەبێته‌ ناوچەیەكی گەشتیاری پێشكەوتوو”.

ڕێكخراوی جیهانیی گەشتوگوزاری سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان، ساڵی 1979 بڕیاری دا بە دیاریكردنی ڕۆژێك وەك ڕۆژی جیهانی گەشتوگوزار، لە ساڵی 1980 تاكو ئه‌مڕۆ، هه‌موو ساڵێك‌ 27ی ئەیلول وەك ڕۆژی جیهانی گەشتوگوزار یاد دەكرێتەوە، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری گەشتیارییە.