دۆلار گەیشتە نزیکەی 30 هەزار تمەن


نرخی تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكا دیسان پاشەكشەی كرد و ژمارەی پێوانەیی شكاند. هەر دۆلارێکی ئەمەریکا بە نزیکەی 30 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ کراوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا بۆ یەكەم جار نرخی هەر دۆلارێكی ئەمەریكا 29 هەزاری تێپەڕاند و ئەمڕۆ شەموو 26ی ئەیلول لە بازاڕی ئازادی تاران بە 29 هەزار و 300 تمەن فرۆشراوە.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی تمەن بۆ ئەو سزا نوییانە دەگەڕێتەوە كە ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون و جگە لە سزا تایبەتییەكانی خۆی سزاكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش دژی ئەو وڵاتە جێبەجێ دەكات.

ئەگەر بەهای تمەن بە دینار لێك بدرێتەوە ئەوا 100  هەزار تمەنی ئێرانی چوار هەزار دینار دەکات. 10 ساڵ لەمەوبەر 100 هەزار تمەنی ئێرانی 100 هەزار دینار بوو. سەرەتای ئەمساڵیش نزیکەی 10 هەزار دینار بوو.

دابەزینی نرخی تمەن وایكردووە خەڵكی ئێران هیچ متمانەیەكیان بەو جۆرە دراوە نەبێت و هەوڵ بدەن ئەگەر پارەیەكی زیادەیان لەبەردەستدایە بە دراوی بیانی  بیگۆڕنەوە و پاشەكەوتی بكەن.

لەگەڵ دابەزینی نرخی تمەن بەهای شتومەك لە ئیران زۆر بەرز بووەتەوە بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر مووچە و داهاتەكان نەهاتووە.