وەزیری نەوتی عێراق: ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت تاوەکو کۆتایی 2021 بەردەوام دەبێت

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلول، ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپیک تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 بەردەوام دەبێت، ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک و کۆمەڵەی ئۆپیک+ چاودێریی پشکی عێراق دەکەن.

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا کاریگەری دەبێت لەسەر بڕیارەکانی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانەکان بەردەوام دەبن، “ئێمەش وەکو عێراق تێگەیشتن و خۆگونجاندنمان دەبێت لەگەڵ هەموو بڕیار و بارودۆخە جیاوازەکاندا لەپێناو بوژانەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا”.

لەبارەی کێڵگە هاوبەشەکانی نەوت لەنێوان عێراق و هەریەکە لە کوەیت و ئێران، ئیحسان عەبدولجەبار ئاشکرای کرد کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری چاودێری هەنگاو و پلانەکانی کەوتنەکاری کێڵگە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و کوەیت دەکات، بەڵام سەبارەت بە کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی عێراق و ئێران گفتوگۆکان بەردەوامە لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ ڕێککەوتن لەسەر شێوازی کۆتایی کەوتنەکاری کێڵگەکان.

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، کار بۆ پەرەپێدانی تواناکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی بەسرە و میسان دەکات بەمەبەستی خێراکردنی وەبەرهێنانەکان لەو کێڵگە هاوبەشانە.

ئەو بەرپرسە عێراقییە زیاتر وتی، “وەزارەتەکەی کاردەکات لەپێناو ئەوەی تاوەکو ساڵی 2025 سەرجەم ئەو پرۆژانە، هەروەها بەرهەمهێنانی گاز زیاد دەکەین بەڕێژەیەکی بەرز تاوەکو لە 2500 بۆ 3000 پێ سێجا گاز”.