پەرلەمانتاری كورد پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی عێراق ئاشكرا ده‌كات


حكوومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا بودجەیەكی چەند مانگی تا كۆتایی ساڵی 2020 ئامادە كرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی كرد، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمان پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەكە ئاشكرا دەكات.

شێروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد لەوبارەوە رای گەیاند، بەپێی زانیارییەكانی بەردەستن، لە بودجەی 2020ی عێراق پشكی هەرێمی كوردستان 12.67%یە، هەروەها لە بودجەكە پشكی پێشمەرگە بە 76 ملیار دیناری مانگانە دیاری كراوە، كە كۆی ساڵانەی دەكاتە 912 ملیار دینار.

زیاتر وتی، دوو مادە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 پێوەستن بە یەكلاكردنەوەی قەرز و حیساباتی نێوان هەرێم و بەغدا لەوەتەی 2014 تا 2018، سەبارەت بە قەرز و پابەندییە داراییەكانی هەرێمیش، مادەیەكی تیادایە هەرێم پابەندی ئاشكراكردنی هەموو داتاكان دەكات، بۆ ئەوەی بزانرێ هەرێم بۆچی قەرزی كردووە و قەبارەی قەرزە كەلەكەبووەكانی چەندە؟، ئەویەش لە ماوەی 30 رۆژدا، لە ماوەی 90 رۆژیش لیژنەیەكی هاوبەش لە دیوانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم بۆ پێداچوونەوە بە قەرزەكان پێك دێت، بۆ زانینی هۆكاری قەرزكردن لەلایەن حكوومەتی هەرێم و ئەو قەرزانە چۆن خەرج كراون و پاڵپشتە یاساییەكەی قەرزكردن چی بووە؟  

میرزا ئاماژەی كرد، هەروەها لە پڕۆژەكە باسی نەوتی كەركووك كراوە كە قەبارەی هەناردنی رۆژانەی 350 هەزار بەرمیلە، جیا لەوەی پێویستە هەرێم رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، لەپاڵ 50%ی داهاتی دەروازە سنوورییەكان، سەبارەت بە بودجەی 2021یش، ئێستە شاندێكی تەكنیكی هەرێم لە بەغدایە و هەوڵی دانانی ستراتیجیەتێكی سێ ساڵی دەدەن، واتە گفتوگۆی هەردوولا بەردەوامە و بودجەی 2021ی عێراقیش لە قۆناغی ئامادەكردندایە و وردەكارییەكانی دیار نییە.