داهاتی عێراق لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا نزیکەی 10 ملیار دۆلار بووە

لەکاتێکدا عێراق لە سێ مانگی رابردوودا مانگانە دوو بۆ سێ ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبووە، کەچی لە ماوەی رابردوودا ملیاران دۆلاریشی لە هاوردەکردنی سووتەمەنی بەهەدەرداوە.

 داهاتی عێراق لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا نزیکەی 10 ملیار دۆلار بووە، لەو بڕەش نزیکەی دوو ملیار دۆلار دراوە بەو کۆمپانیایانەی لە کێڵگە نەوتییەکان کاردەکەن.

بەپێی ئەو داتایە، کە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی بڵاویکردووەتەوە؛ عێراق لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا هەشت ملیار دۆلاری لەبەردەست بووە، بەڵام خۆی بۆ هەر مانگێک پێویستی بە پێنج ملیار دۆلارە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە، پارەی خەرجیی سەرەکیی و پێویست و هەندێک خزمەتگوزاری دابین بکات، واتا هەر مانگێک عێراق دوو بۆ سێ ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبووە.

سادق سەڵیتی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەکەی گوتووە لە ساڵی رابردووە و لە ئاستی کەسی، بەدیاریکراوی لە 12-7-2019 “رەزامەندیی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیمان وەرگرتووە بۆ راگرتنی گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی رەش بە کۆمپانیایەکی عەرەبی و بەهەدەردانی نزیکەی 450 ملیار دینار، فرۆشەکەی گوازرایەوە بۆ کۆمپانیای سۆمۆ بۆ ئەوەی نەوتی رەش لەڕێگەی ئەو دەرچەوەیەوە بفرۆشرێت”.

رێژەی گۆگرد لە نەوتی رەشی عێراق زۆرە، بەجۆرێک 2 بۆ 4٪ـی نەوتە رەشەکە پێکدەهێنێت، ئەمەش لە بازاڕی جیهانیدا بەهاکەی کەمدەکاتەوە، بۆیە پێشنیازێک لەلایەن لیژنەی وزەوە پێشکەشی وەزیری نەوت کراوە بۆ دانانی پلانێک و زیادکردنی یەکەی پاڵاوتن لە پاڵاوگەکانی عێراق و کەمکردنەوەی پێکهاتەی گۆگرد، هەروەها زامنکردنی فرۆشتنی نەوتە رەشەکە بە بەهایەکی بەرزتر و زیادکردنی داهاتی نەوتی.

ئەو پێشنیازە، دراوەتە لیژنەی تایبەتمەند لە بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی نەوت بۆ پێداچوونەوە، بۆ ئەوەی وێنەکەش روونتر بێت: نەوتی رەشی عێراق لە یەکێک لە مانگەکانی رابردوودا تۆنی بە 148 دۆلار فرۆشراوە، بەهۆی ئەوەی پێکهاتەی گۆگردی 4٪ بووە، لەکاتێکدا نەوتی رەش لە جیهاندا، ئەو نەوتەی 0،5ـی پێکهاتەکەی گۆگردە، بە 238 دۆلار دەفرۆشرێت بۆ هەر تۆنێکی، واتا بەهاکەی بەڕێژەی 40٪ـی لە بەهای نەوتی رەشی عێراق زیاترە.

پاڵاوگەکانی عێراق ئێستا بە توانای 650 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کاردەکەن، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، بۆیە وەک ئەندام پەرلەمانەکە دەڵێ “بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییە، داوامان لە وەزارەتی نەوت کردووە توانای بەرهەمهێنان بەخێرایی زیاد بکات، چونکە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە ئەرک و فشاریکی زۆرمان دەخاتە سەر”، جەختیشی کردەوە لەوەی “لەماوەی رابردوودا عێراق 24 ملیار دۆلاری لە کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان و هاوردەکردنی بەهەدەرداوە”.