ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی رەوانەی پەرلەمان كردو بریارە لە چەند رۆژی داهاتوودا خوێندنەوەی بۆ بكرێتو دواتر پەسەندبكرێت.
سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئاشكرایكرد: پەرلەمانی عیراق پڕۆژەیاسای ئەمساڵی لە حكومەتەوە وەرگرتوە بۆ خوێندنەوە و دواتر پەسەندكردنی، كە تایبەتە بە سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵ.
لای خۆیەوە حەسەن ئاڵی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: كە سەرۆكایەتی پەرلەمان پرۆژە یاسای بودجەی 2020ی لەلایەن حكومەتەوە پێگەیشتووە و بۆ گفتوگۆو پەسەندكردنی، پەرلەمان پرۆژە یاساكە دەخاتە بەرنامەی كارەوە و چاوەڕوان دەكرێت لەكۆبوونەوەكانی داهاتوودا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و دوای گفتوگۆو ئامادەكردنی راپۆرتیش لەسەر ناوەرۆكەكەی دەنگی لەسەر بدرێت.
پێشتریش لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو ئامانج لە ناردنی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ پەرلەمان زیاتر بۆ پرسی قەرزەكانی حكومەت و خەرجییەكانە تا كۆتایی ئەمساڵ.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رۆژی دووشەممەی رابردوو پرۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2020ی پەسەندكرد، كە بە 148 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و 81 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە، پشكی هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەڕێژەی لەسەدا 12 پۆینت 67 دیاریكراوە كە بڕەكەی 12 ترلیۆنو 621 ملیار دینارە.