هه‌ڵگرتنی‌ به‌ندی‌ حه‌وته‌م نرخی‌ دینار به‌رزده‌كاته‌وه‌

ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، هه‌ڵگرتنی‌ به‌ندی‌ حه‌وته‌م له‌سه‌ر عێراق، كاریگه‌ریی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ به‌هاو نرخی‌ دیناری‌ عێراق له‌به‌رامبه‌ر دراوه‌كانی‌ دیكه‌.
(شۆڕش مسته‌فا) ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كاریان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، به‌ندی‌ حه‌وته‌م له‌سه‌ر عێراق هه‌ڵبگیرێت‌و سه‌روه‌ری‌ بۆ عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌، وتیشی‌:”به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ڵگرتنی‌ به‌ندی‌ حه‌وته‌م ته‌واوی‌ سه‌روه‌ری‌ عێراق ده‌گێڕێته‌وه‌”.
ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ جدی‌‌و به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌بكات، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان، ئه‌وا ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌بێته‌ خاڵێكی‌ وه‌رچه‌رخان‌و كاریگه‌ریی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ به‌ها‌و نرخی‌ دینار‌و داهاتی‌ وڵات.
ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ سه‌ر به‌ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌كۆی‌ ده‌نگ به‌ندی‌ حه‌وته‌می‌ له‌سه‌ر عێراق هه‌ڵگرت‌و له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش، (هۆشیار زێباری‌) وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكرد‌و سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕۆژی‌ ده‌ركردنی‌ عێراقی‌ له‌ژێر به‌ندی‌ حه‌وته‌م به‌ڕۆژێكی‌ مێژوویی‌ وه‌سفكرد، ئه‌وه‌شی‌ ڕاگه‌یاند، عێراق پابه‌ندبووه‌ به‌سه‌رجه‌م ڕاسپارده‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌.