جێگرى سەرۆکى کۆمەڵەى کێڵگە پەلەوەرییەکانى هەرێمی رایگەیاند چەند جۆرێک پەتاى وەرزیى لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، کە بەهۆیانەوە بەشێکى زۆرى کێڵگە پەلەوەرییەکان لەناوچوون و چەندین ملیار دینار زیان بەر خاوەنى کێڵگەکان کەوتووە.
نازم عەبدوڵڵا،جێگرى سەرۆکى کۆمەڵەى کێڵگە پەلەوەرییەکانى هەرێمى کوردستان راگەیاند: “سێ جۆر پەتاى وەرزیى بە ناوەکانى ئاى بى و نیوکاسڵ و گامبۆ لە کێڵگە پەلەوەرییەکانى هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، کە بەهۆیانەوە 20%ى کێڵگە پەلەوەرییەکان بە تەواوى لەناوچوون و بە ملیۆنان مریشکیش مرداربوونەتەوە،ئەمەش بووەتە هۆى گرانبوونى نرخى مریشک لە بازاڕەکانى کوردستان و خاوەن کێڵگەکانیش زیانێکى زۆریان بەرکەوتووە”.
راشیگەیاند: “داوا لە حکوومەتى هەرێمی کوردستان دەکەین کە خۆى ڤاکسین بۆ چارەسەریى پەتاکە لە وڵاتانى دەرەوە هاوردە بکات، چونکە ئەو ڤاکسینەى ئێستا لە بازاڕەکاندا هەیە هیچ کوالێتییەکى نییە و هیچ جۆرە چاودێریێکى لەسەر نییە،ڤاکسین دەچێتە چوارچێوەى ئاسایشى نیشتیمانى و پێویستە حکوومەت بەوردى چاودێرى هێنان و دابەشکردنى بکات بۆئەوەى چیتر کێڵگە پەلەوەرییەکانى کوردستان دووچارى ئەو زیانە نەبنەوە”.
ئاماژەى بە ئەوەش کرد” زیاتر لە 3 هەزار هۆڵ زیانیان بەرکەوتووە هەر هۆڵێکیش لانیکەم 15 ملیۆن دینارى بەرکەوتووە، بەمجۆرەش 45 ملیار دینار زیان بەر خاوەنى کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە،بۆیە پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە”.