وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕۆژەکانی سنوری قەزای پێنجوین بەسەردەکاتەوەو بە بڕیارێکیش پڕۆژەی رێگای باشماخ_ پێنجوین بەگەڕدەخاتەوە و ئاشکرایدەکات، پێش هاتنى وەرزى سەرما پڕۆژەکە تەواو دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بە یاوەری قائیمقامی قەزای پێنجوین و بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوەو رێگاوبانی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرو بەرپرسانی ئیداری سنورەکە پرۆژەی رێگای باشماخ پێنجوێنیان بەسەرکردەوە.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند: ئامانجی سەردانەکەمان بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەى رێگاى (باشماخ- پێنجوێن)ە کە یەکێکە لە پڕۆژەکانی وەزارەتمان و بەڵێندەرمان راسپارد بەشێوەیەکی خێرا کارکردن لە پڕۆژەکە دەستپێبکەنەوە، بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی وەرزی سەختی زستان تەواو بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک وەزارەت و حکومەت ھەوڵدەدەین شایستە داراییەکان بۆ کۆمپانیا دابین بکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەباشی و بێ کەموکورتی و بەشێوەیەکی خێرا تەواو بکەن.
سەبارەت بە دواکەوتنی پرۆژەکەش لە رابردودا، وتی: ھۆکارەکەی بەشێکی پەیوەندی بە کابینەکانی پێشوی حکومەتەوە ھەیە، ئێستاش ھەمو ھەوڵێکمان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکەیە.
لەسەرەتاى دەستبەکاربونى ئەم کابینەیە و بەسەرپەرشتى، دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە، تائێستا (79) پڕۆژەى رێگاوبان و نیشتەجێکردن، بە گوژمەى زیاتر لە (42) ملیار دینار ئەنجامدراون.