هه‌رێم كاره‌با له تیشكی خۆر به‌رهه‌مده‌هێنێت

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌بای‌ هه‌رێم ڕایگه‌یاند، زیاتر له‌بیست كۆمپانیا ئۆفه‌ریان پێشكه‌شكردوه‌، بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌جوڵه‌ی‌ با‌و تیشكی‌ خۆر.
(دیار تاهیر بابان) وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌بای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، به‌نوسراوی‌ فه‌رمی‌ ئۆفه‌ر‌و پێشنیازی‌ كۆمپانیاكانیان گه‌یاندوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، تا دوو وێستگه‌ی‌ ئه‌زمونی‌ بۆ هه‌ردوو جۆره‌ سه‌رچاوه‌كه‌ بكرێنه‌وه‌.
دیار بابان وتی‌:”زۆرینه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با له‌تیشكی‌ خۆر گونجاو‌و له‌بارن، به‌ڵام بۆ ده‌ستخستنی‌ وزه‌ له‌جوڵه‌ی‌ با داوایانكردووه‌ له‌ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان، ناوچه‌ی‌ بازیان، چیای‌ سه‌فین‌و هه‌ندێك شوێنی‌ پارێزگای‌ دهۆك، وێستگه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌بایان لێبكرێنه‌وه‌”.
ماوه‌ی‌ دوو ساڵ ده‌بێت حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان توێژینه‌وه‌ ده‌كات، بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با له‌جوڵه‌ی‌ با‌و تیشكی‌ خۆر.