لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بەشێوەی ئاشکرا دەبێت

 


وەزارەتی دارایی و ئابورى حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت، لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لەلایەن وەزارەتەکەوە بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا دەکرێت و ئەوەش بۆ نەهێشتنی قۆرخکاری دەگەڕێنێتەوە.


لە راگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لەلایەن وەزارەتەوە بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە گروپێکی ئەلیکترۆنی کاراکراوە کە سەرجەم بانکە ئەهلیەکان و کۆمپانیاکان و نوسینگەکان کە مۆڵەتی فەڕمیان هەیە بۆ گۆڕینەوەی دراو، دەتوانن بەشداربن.


ئاماژەى بەوەشکراوە، هەموو شوێنە فەڕمییەکان دەتوانن لە پڕۆسەی کڕینی ئاشکرادا بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بەشدار بن.


هەروەها وەزارەتى دارایی هۆکارى ئەو بڕیارەى روونکردەوەو جەختیکردوەتەوە کە بڕیارەکە لەپێناو نەهێشتنی قۆرخکاری و هەلی وەک یەک بۆ هەموان و زیادکردنی داهاتی گشتییە.