بڕیارە كەمتر لە سێ هەفتەی تر دەروازەی بازرگانیی عەڕعەڕ كە كەوتووەتە نێوان عێراق و سعوودیە بكرێتەوە و دەست بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بكرێت.
عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەروازە بازرگانییەكانی عێراق، ئەم زانیارییەی ئاشكرا كردووە و گوتوویەتی، بە وردی نازانن لە چ رۆژێكدا دەكرێتەوە و دیاریكردنی رۆژەكەش گرێ دراوە بە هاوئاهەنگی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سعوودیە.
بە كردنەوەی ئەو دەروازەیەش، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و زۆر وڵاتی كەنداو ئاسانتر دەبێت.
گرنگ ئەوەیە كردنەوەی دەروازەكە لە نێوان 14 تا 21 رۆژی تر روو دەدات و بە كردنەوەی ئەو دەروازەیەش، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و زۆر وڵاتی كەنداو ئاسانتر دەبێت.
بەگوێرەی شەفەقنا، عەڕعەڕ تاكە دەروازەی نێوان عێراق و سعوودیەیە و لە چەند ساڵی رابردوودا داخراوە و تەنیا لە كاتی گەشتكردنی حاجییان كراوەتەوە.
مستەفا كازمی دەیەوێت سەرجەم پێوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە ئاسایی بكاتەوە و بڕیاریش بوو دوای سەردانی ئێران سەردانی سعوودیە بكات، بەڵام بە هۆكاری نەخۆشكەوتنی شای سعوودیە، سەردانەكە دواخرا و دیار نییە كەی ئەو سەردانە ئەنجام دەدرێت.