وەزیری ئاوەدانكردنەوە: هێڵی شەمەندەفەرەكە هەموو كوردستان دەگرێتەوە


وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند هەوڵ دەدەن لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستبكەن بە جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی هێڵی ئاسنین.

دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن لە لێدوانێكیدا بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا باسی لەو هێڵی شەمەندەفەرە كرد كە لە پلانی وەزارەتەكەیدا هەیە و ڕایگەیاند هه‌وڵ ده‌ده‌ین پرۆژه‌ی هێڵی ئاسنین بكه‌ین به‌ ئه‌مری واقیع و له‌ هه‌رێمی كوردستاندا جێبه‌جێی بكه‌ین، له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی هێڵی ئاسنین ده‌ست پێده‌كه‌ین.

وتیشی: “هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی جوگرافیاوه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ ده‌توانرێت هێڵی ئاسنین له‌و شوێنانه‌ی كه‌ دیاریمان كردووه‌ بخرێنه‌كار، چونكه‌ له‌ ئێستادا ماسته‌ر پلانێكمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هێڵی ئاسنینه‌ له‌ كوێوه‌ بۆ كوێ بێت هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ زاخۆ وه‌ داخڵ ده‌بیت به‌نزیك كه‌ركوكدا ده‌ڕوات، له‌و شوێنانه‌ی كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ و نزیكی پارێزگای كه‌ركوكه‌ ده‌ڕوات بۆئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌نددا گه‌یشتینه‌ ڕێكه‌وتن له‌ڕێی كه‌ركوكیشه‌وه‌ به‌ خوارووی عێراقیشه‌وه‌ ببه‌سرێته‌وه‌ هێڵه‌ ئاسنینه‌كه‌، ئه‌مه‌ ده‌چێته‌وه‌ پارێزگای سلێمانی له‌وێشه‌وه‌ بۆ گه‌رمیان و بۆ په‌روێزخان، وه‌ هه‌روه‌ها هێڵێكیشی لێ ده‌ڕوات به‌ره‌ و ده‌روازه‌ی باشماخی نێوده‌وڵه‌تی واته‌ ئێمه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌ینه‌ قۆناغێكی تری گواستنه‌وه‌ی شتومه‌ك و هاتوچۆی هاوڵاتیان كه‌سوودێكی گشتی ئابوری و گه‌شتوگوزاریشی ده‌بێت.”

سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشە داراییەكانیش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، دانا عەبدولكەریم گەشبینی خۆی نیشاندا لە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا و ڕاشیگەیاند بەو ڕێككەوتنە تا ڕادەیەك جێگیریی ئابووری دروست دەبێت.