بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و خراپی ئابووری لە دنیادا، زۆربەی ھاووڵاتییانی كوردستان و عێراق ھەلەكەیان قۆستەوە و زێڕەكانیان كردە پارە، بازرگانان و زێڕنگرانیش ڕاستەوخۆ ئەو زێڕەی دەستیان دەكەوت دەیانكڕییەوە و بەهەلیان دەزانی ھەناردەی توركیا و دوبەیان ده‌كرد، بەڵام بڕیارێكی كازمی زێڕنگەرانی تووشی زیانی زۆر كرد و عێراقیش پێى وایه بڕیاره‌كه هه‌وڵێكه بۆ باشتركردنى یەدەگى ئاڵتون.
بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی جیهانی بۆ ئاڵتون، بۆ مانگى ئاب عێراق توانیویەتى شوێنى خۆى لە پلەى 38 مینی جیهان لەڕووی بوونی یەدەگى ئاڵتون بپارێزێت. بەپێی ڕیزبەندی ئەنجوومەنەکە، عێراق ئێسته لەناو وڵاتانی عەرەبی لە پلەى پێنجەم دێت لەدواى هەر یەکە لە سعوودیە و جەزائیر و لبنان و لیبیا بۆ یەدەگى ئاڵتون.
ئاماژە دراوه، یەدەگى ئاڵتونى عێراق گەیشتووەتە 96.3 تۆن کە دەکاتە ڕێژەى 8.8% پارەکانى تر‌ى و لە ساڵى 2018 کۆتا جار بڕى 6.5 تۆنى کڕیووە. ئەوەیش ڕوونکراوەتەوە، تێکڕاى ڕێژەى کڕینى ئاڵتون لەلایەن ئەو وڵاتانەوە لە مانگى ئابدا گەیشتووەتە 27.2 تۆن، تورکیا 19.4 تۆن، قەتەر 3.1 تۆن، هیندستان 2.8 تۆن، کازاخستان 1.9 تۆن، ڕێژەى تێکڕاى فرۆشتنیش 17.7 تۆن بووە.
سه‌رباز حاجی فه‌رهاد باڵه‌كی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی زێڕنگران و خاوه‌نی زێڕنگری سه‌رباز ڕاگه‌یاند، ئێسته له هه‌رێمى كوردستانه‌وه به پێى ئه‌و بڕیاره‌ى كه دراوه جگه له به‌غدا هیچ شوێنێكى تر‌ى عێراق بۆى نییه زێڕ هه‌نارده بكات ئه‌وه زیانى زۆرى له هاووڵاتییان و زێرهنگران داوه.
ئاشكراى كرد، له بازاڕه‌كانى كوردستان به‌تایبه‌ت زێرهنگرهكان پاره‌یان نه‌ماو و كه‌مترین زێڕ ده‌كڕدرێت چونكه زێڕه‌نگر ناتوانێت زێرهكانى هه‌نارده‌ى توركیا و ئیماڕات و وڵاتانى تر بكات وه‌ك پێشتر.
ڕوونى كرده‌وه، بڕیاره‌كه پێویستى به پێداچوونه‌وه هه‌یه و پێویسته حیسابێك بۆ هاووڵاتییان و زێڕهنگرانى كوردستان بكرێت.
پێشتر ھەندرێن وەرتی وتەبێژی سەندیكای زێڕنگران ڕاگه‌یاندبوو، “پێویسته بەشێك لە باجی كەرتی تایبەت و حكوومەت بۆ كڕینەوەی زێڕی ناوخۆ تەرخان بكرێت، ڕەنگە لە چەند ساڵی داھاتوودا بڕێك یەدەگی زێڕ بۆ حكوومەتی ھەرێم دابین ببێت”.
لە ھەرێمی كوردستان 1800 شوێنی زێڕنگەری ھەیە كە 667 كەوتووەنەتە سنووری ھەولێر. بەگوێرەی ئامارەكانی سەندیكای زێڕنگەران لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا نزیكەی 75 تۆن زێڕ ھاوردەی كوردستان كراوە و 70% ئەو زێڕەیش بۆ شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نێردراوە. لە ھەشت مانگی ئەمساڵیش كەمترین زێڕ ھاوردەی كوردستان كراوە.
ئه‌نوه‌ر تۆكڵۆ مامۆستا ئابوورى له زانكۆى ده‌ریاى ڕه‌ش له تڕابزۆن ڕاگه‌یاند، دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسى کۆرۆنا، بۆ پاراستنی سەرمایەى زۆربەی بانکەکان له دنیادا وڵاتان یەدەگەکانیان بە زێڕ دەوڵەمەند کرد، به‌ڵام عێراق تازه كهوتووهتهى خۆى و ئاگادارى ئه‌و هه‌وڵه جیهانییه‌یه.
زیاتر وتى، توركیا به‌بێ ماندبوون به پاره‌یه‌كى زۆر هه‌رزان و به ئاسانى له به‌غدا و هه‌ولێر و سلێمانى و چه‌ند وڵاتاێكى تریشه‌وه توانى له‌ماوه‌ى هه‌شت مانگى ڕابردوو 192 تۆن زێڕ بکڕێت و بێتە ڕێزی پێشەوەی کڕیارانی زێڕ له ناوچه‌كه.
ئاشكراى كرد، عێراق به‌و پاره‌یه‌ى هه‌یه ده‌بوو به‌لایه‌نى كه‌م له دواى سعوودیه‌وه بێت به‌ڵام ئێسته له پله‌ى 38ى دینادایه كه ئه‌مه له داهاتوودا زیانى زۆر به‌و وڵاته ده‌گه‌یه‌نێت.
عێراق به بیانووى ئه‌وه‌ى یه‌ده‌گى زێڕ له وڵاته‌كه‌ى زیاد ده‌كات بڕیارى قه‌ده‌غه‌ى ناردنه ده‌ره‌وه‌ى زێڕى داوه له هه‌موو سنوور و شاره‌كانه‌وه جگه له به‌غدا نه‌بێت ئه‌ویش ده‌بێت بزانرێت چه‌ند هه‌نارده ده‌كرێت ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌یش هوارده بكرێته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى زێرهنگران ڕۆژانه بۆ ئه‌و ناردنهیان بۆ به‌غدا چه‌ندان هه‌زار دۆلار ده‌بێت پاره‌ى ته‌ناهى و ئه‌مانه‌ت و گواستنه‌وه بده‌ن و ئه‌وانه‌ى قازانجیان كردووه ته‌نیا زێڕهنگرانى به‌غدان.
جگه له ساڵانی 2013، 2014، 2015 و 2018 له سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده نوێیه‌وه هه‌موو ساڵێك به رێژه‌یه‌ك نرخی زێڕ به‌رز بووه‌ته‌وه.
ساڵی 2020 له‌و ساڵانه بووه كه به‌رزبوونه‌وه‌كه به‌رچاو بووه و نزیكه‌ی 27% له به‌های زێڕ هه‌ڵكشاوه. له ساڵی 2018 به‌های زێڕ به رێژه‌ی 2% دابه‌زی، له ساڵی 2015 به‌های زێڕ به رێژه‌ی 10% و له ساڵی 2013 به رێژه‌ی 28% دابه‌زی. ساڵی ڕابردووش ساڵێكی گونجاو بوو بۆ به‌های زێڕ و نزیكه‌ی 20% له به‌هاكه‌ی هه‌ڵكشا.
زێڕ له‌و جۆره كانزایانهیه كه هه‌ر جۆره ته‌نگژه‌یه‌ك له ئابووری دنیا بێته كایه‌وه، به‌هاكه‌ی روو له زیادبوون ده‌كات. كۆرۆنا یه‌كێك له‌و هۆكاره گرنگانه بوو كه نرخی زێڕی به‌رز كردووه‌ته‌وه، چونكه وه‌به‌رهێنه‌ران متمانه‌یان به بازاڕه‌كان نییه و له جیاتی وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، سه‌رمایه‌كانیان به زێڕ ده‌پارێزن