وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی كردووە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیای سەرپەرشتیاری گۆڕستانی نوێی سلێمانی داوە، بۆ ئەوەی گۆڕستانەكە لەمەودوا وەكو پاركێكی شار لەلایەن شارەوانییەوە سەرپەرشتی بكرێت.
لە نووسراوەكەی وەزارەتەكەدا هاتووە كە تێبینی كراوە بۆ سەرپەرشتی و ڕێكخستنی گۆڕستانی نوێی شاری سلێمانی، ئەو ئەرك و كارانەی خراوەتە ئەستۆی لایەنی دووەم “كۆمپانیای سەرپەرشتیكاری گۆڕستانەكە”، بووەتە هۆی بارگرانی دارایی لەسەر هاووڵاتی و بڕی تێچوونی ناشتنی مردووی بەرز كردووەتەوە، كە لە بنەمادا سەرپەرشتی و ئیدارەدانی سەر قەبرانەكان و دابینكردنی بودجەی پێویست لە ئەرك و پابەندییەكانی شارەوانیە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوەكەدا دەڵێ لەبەرئەوەی كە پێویستە كار بكرێت بۆ كەمكردنەوەی بڕی تێچوونی هەڵكەندنی قەبر و ناشتنی مردوو بۆ كەمترین ئاست، نابێت هیچ خەرجییەكی خزمەتگوزاری سەرقەبرانەكان لە سەوزكردن و چاكسازی و بیناكردن و چاودێری كارەبا، بخرێتە سەر تێچوونی ناشتنی مردوو.
وەزارەتەكە رایگەیاندووە كە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە شارەوانی كار بكات بۆ ئیدارەدانی سەر قەبرانی نوێی سلێمانی و خزمەتكردنی وەك پاركێكی شار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانییەوە. لەگەڵ پێكهێنانی هۆبەیەكی تایبەت بە سەرقەبرانەكان بۆ ئیدارەدانی كاروباری ناشتنی مردوو و هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایش و تەندروستی، لەبەرئەوە پێویستە گرێبەستی بانەوانی تایبەت بەو پرۆژەیە هەڵوەشێندرێتەوە، دەرخستەی تایبەت بە ئیدارەدان و چاودێری چاكسازی سەرقەبرانی نوێ ئامادە بكرێت بەمەبەستی دابینكردنی بودجەی پێویست.