وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات جەناب نووری تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هاتووە “ئەمڕۆ ٢٠٢٠/٩/٧ لە ئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێش سەفەری شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ بەغدا، دەرکەوت بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: “ئاوات جەناب نووری بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشداری شاندی دانوستانکاری هەرێم ناکات بۆ چوون بۆ بەغدا لە رۆژی ٢٠٢٠/٩/٨”.
بە تووشبوونی وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمە دووەمین وەزیری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، پێشتریش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئارام محەمەد قادر رایگەیاند کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە.