بازاڕی ئۆتۆمبێل جوڵه‌ی تێده‌که‌وێت


ماوه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لابردنی زۆربه‌ی رێوشوێنه‌كانی دژ به‌ كۆرۆنا، بازاڕی ئۆتۆمبێلیش به‌جووڵه‌ كه‌وتووه‌ و كاسبكارانی ئه‌و بازاڕه‌ش داوا ده‌كه‌ن رۆژانی هه‌ینیش بازاڕه‌كه‌ بكرێته‌وه‌.   

حاجی سه‌باح خاوه‌نی پێشانگه‌ی به‌هار بۆ ئۆتۆمبێل  ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، بازاڕی ئۆتۆمبێل به‌راورد به‌ مانگه‌كانی پێشتر جووڵه‌ی تێكه‌وتووه‌.  

به‌ وته‌ی ئه‌و فرۆشیاره‌ی ئۆتۆمبێل، زیاتر بازاڕی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ خۆشه‌ كه‌ نرخیان له‌ خوارووی 10 هه‌زار دۆلاره‌ و ئۆتۆمبێلی مۆدێل به‌رز پێنج هه‌زار دۆلار له‌ نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه‌.  

حاجی سه‌باح داوای له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد رێ بدات رۆژانی هه‌ینیش بازاڕی ئۆتۆمبێل بكرێته‌وه‌، چونكه‌ كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ر به‌جووڵه‌خستنی بازاڕه‌كه‌ ده‌بێت.  

ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌كه‌ كۆرۆنا بێت، ئه‌وا له‌ رۆژانی ئاسایی خه‌ڵك تێكه‌ڵی یه‌كتر ده‌بن و داخران و دانه‌خرانی بازاڕی ئۆتۆمبێل له‌ رۆژانی هه‌ینی هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت.