وەزارەتی پلاندانانی عیراق پرۆژە بودجەی ساڵی 2020ی بۆ ئەنجومەنی وەزیران نارد، بە مەبەستی ڕاستاندن و ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری.
ماهر حەماد، بریكاری وەزیری پلاندانانی عێراق بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاندوە، “پرۆژە بودجەی گشتیی ئەمساڵ 2020، كە وەزارەتی دارایی ناردی بۆ ئەنجومەنی وەزیران، هەمان ئەو پرۆژەیەی پێشووە بەڵام 80 تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە”.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ناردنی پرۆژەبودجەی 2020 گرنگە هەروەها سەرەموچە و پلەبەرزكردنەوەی تەواوی فەرمانبەران لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەو ژمارەیەی بۆ دامەزراندن بڕیاری لەبارەوە درابوو دەگوازرێتەوە بۆ بودجەی ساڵی 2021”.
ئەوەش ئاشكراكراوە، بە پشت بەستن بەو پرۆژە بودجەیەی ئێستا ئامادەكراوە، پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 ئامادە دەكرێت.
بەرپرسانی حكومەتی عێراق، دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2020یان بۆ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت گەڕاندەوە.